ئامارێك نهێنی بەهێزیی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ ئاشکرا دەکات

کۆنۆر برادلی و ئارنی سڵۆت
کۆنۆر برادلی و ئارنی سڵۆت

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی سەرجەم یارییەکانی لە شێوازە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ بردووەتەوە و 15 خاڵی تەواوەی لە پێنج یاریی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کۆ کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە لە گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ، هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ڕیاڵ مەدرید لە یاریگەی ئانفێڵد رووبەڕووبوونەوە و یارییەکەش بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکە کۆتایی هات.

هێڵی بەرگریی رێدز، لەم وەرزە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکەن و بوونەتە جێگەی سەرنجی مێدیا وەرزشییەکانی جیهان.

کەناڵی تی ئێن تی سپۆرت بڵاوی کردووەتەوە، کە لیڤەرپوول بەرامبەر یانەکانی ڕیاڵ مەدرید، بایەر لیڤەرکوزن، لایپزیگ و میلان تا ئێستا تەنیا یەك گۆڵیان لێ کراوە.

یانەکەی ئارنی سڵۆت تەنیا بەرامبەر میلان گۆڵێکی لێ کراوە و یارییەکەیان بە ئەنجامی 3-1 بردووەتەوە، تاکە گۆڵەکەش پۆلیسیچ تۆماری کردووە. لەبەرامبەردا هێرشبەرانی لیڤەرپوول 12 گۆڵیان کردووە و بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لووتکەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگیان گرتووە.

بۆ بیرهێنانەوە، لیڤەرپوول لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمجارە بەسەر مێرێنگێ تامی سەرکەوتن بکات و کۆتا جار لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ لە ساڵی 2009 یارییەکەی 4-0 بردبووەوە.