زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی فەرمانبەران بۆ پڕکردنەوەی هەژماری من ئاگەدار دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی دارایی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی ئاگەدارکردووەتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی هەژماری من پڕ بکەنەوە.
لە نووسراوەکەدا، ئاماژە بە هاوپێچی نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە 14477 دەرچوو لە 28/10/2024 کردووە، کە بە نووسراوی ژمارە 22784 لە 10/11/2024ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە دەستیان گەیشتووە، بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی فۆرمی هەژماری من پڕ بکەنەوە، بە مەبەستی ئەوەی وەرگرتنی مووچەکانیان بکرێتە ئەلیکترۆنی.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بە فشاری سیاسیی، هەوڵی ڕێگریی لە مووچەخۆرانی سنووری پارێزگای سلێمانی کرا تاوەکوو خۆیان لە پرۆژەی هەژمار من تۆمار نەکەن، بەڵکو بچن فۆرمی تەوتینی عێراق پڕ بکەنەوە، بەڵام فشارە سیاسییەکان شکستیان هێنا.
تاوەکوو ئێستا، نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) خۆیان تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ئەو بانکانەی ناو پرۆژەی هەژماری من لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە دارایی و بانکیانە سوودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە.