ژووری بازرگانی هەولێر: ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 900 کۆمپانیای تورکی کار و وەبەرهێنان دەکەن و هەر لەم 10 مانگەدا بە بڕی نۆ ملیار و 600 هەزار دۆلار لە نێوان عێراق تورکیا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کراوە، لەمەش دا %30 بۆ هەرێمی کوردستان بووە.

پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، کامەران باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕایگەیاند "بە مەبەستی چالاکترکردنی پەیوەندیی بازرگانی، شاندێکی گەورەی بازرگانانی شاری وان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر کرد.

گوتیشی: "داوامان کردووە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکرێت، دەرگای گەشتیاریی کراوەتەوە، بەڵام تاکو ئێستە بۆ بارهەڵگرەکان ئاسانکاری نەکراوە."

کامەران باجگر دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ تورکیا بازرگانییەکی بەهێزمان هەیە و هەروەها تورکیا ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، هەزار و 900 کۆمپانیای تورکیا کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار و وەبەرهێنان دەکەن و هەر لەم 10 مانگەدا بە بڕی نۆ ملیار و 600 هەزار دۆلار لە نێوان عێراق تورکیا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کراوە، لەمەش دا %30 بۆ هەرێمی کوردستان بووە."

هەروەها کۆمپانیاکان لە سێکتەرەکانی  کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ، پۆشاك، خۆراك، مۆبیلیات و پلاستیك، بازرگانی دەرەوە، کانزا و سووتەمەنی، گەشتیاری، گواستنەوە، تەندروستی، ئامێری ناوماڵ و بیناسازی پێک هاتوون.

لای خۆیەوە نەژدەت تەگڤە، سەرۆکی ژوری بازرگانی وان دەڵێت: "ئەمڕۆ وەک نوێنەری 13 سێکتەری جیاواز هاتووم بۆ هەولێر و دیدارێکی باشمان هەبووە، هەوڵ دەدەین هاریکاریی نێوان هەولێر و وان بەرەو پێشەوە ببەین بۆ ئەوەی بازرگانان پێکەوە دانیشن و چالاکی بکەن."

هەروەها گوتیشی: "ئەمە چوارەمین جارمە سەردانی هەولێر دەکەم، هەر کاتێکیش سەردانی هەولێر دەکەم جەختم لەوە کردووەتەوە کەوا بەردەوام بین لەم دیدارانە، هەرچەندە هەولێر و وان زۆر لە یەکتر دوور نین، بۆیە ئەگەر کێشەیەکمان هەبێت، چارەی دەکەین."