مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆدەبیتەوە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی، گفتوگۆ لەسەر سەردانەکانی شاندی تایبەتی پارتی دەکرێت بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆی عێراق و پرس و پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکرێن.

هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ چوارشەممە لە سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ کۆبوونەتەوە.

پێشتر سامان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند بوو"سەرجەم ئامادەكارییەکانیان بۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كراوە و ڕۆژی شەممە، 30-11-2024، بەرنامەی كاری یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی کوردستان بڵاو دەكەینەوە کە ڕۆژی دووشەممە، 02-12-2024، بەڕێوە دەچێت."