بانکی ناوەندیی تورکیا: ساڵی داهاتوو ڕێژەی سوو بۆ 21% دادەبەزێنین
بانکی ناوەندیی تورکیا ئامانجی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 رێژەی سوو بۆ 21% دادەبەزێنین.
لە کاتێکدا ئێستا رێژەی سووی بانکی تورکیا 50% و لە بەرزترین ئاستی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوو دایە، فاتیح قەرەهان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا ڕایگەیاند: هەر چەندە ڕەوتی هەڵاوسان کەمێک سستتر لە پێشبینیەکان پاشەکشە دەکات، بەڵام لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی رێژەی هەڵاوسان و سەقامگیریی نرخەکان، ئامانجمانە ڕێژەی سووی بانکی تاوەکوو کۆتایی ساڵی داهاتوو بۆ 21% کەم بکەینەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆ 48.6% دابەزیوە، بەراورد بە مانگی ئادار دابەزینێکی بەرچاوە، پێشبینیش دەکات تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەکە بۆ 44% دابەزێت.
جەختیش دەکاتەوە، بانکەکە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سیاسەتی توندی دراوی کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسان.