پەیامنێری کوردستان24: تەیف سامی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم گەڕاوەتەوە بۆ خەرجی ڕاستەقینە

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای دەکات، بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ کاردن بە خەرجی ڕاستەقینە کە چەند ساڵێکە مووچەخۆرانی کوردستان بە دەستییەوە گیرۆدەن.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان خەرجی دەکات کە 763 ملیار و 146 ملیۆن دینارە، نزیکەی 230 ملیار کەمترە لەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەریمی کوردستان داوای کردووە، بەپێی زانیارییەکانیش ڕۆژی یەکشەممە ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا مانگی کانوونی یەکەم دەستپێدەکات، کەچی بەغدا مووچەی مووچەی خۆرانی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی خەرج نەکردووە.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا دەڵێت: ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیان ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ و خوودی تەیف سامی وەزیری ئەو وەزارەتە گەڕاوەتە سەر پرسی خەرجی ڕاستەقینە کە چەند ساڵێکە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدەستییەوە گیرۆدە بوون، بڕیاربوو ئەو پرسە لە هەموواری بوودجەی ساڵی 2024 کۆتایی پێ بهێنرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی ساڵی 2024 کە نزیکەی 20 ترلیۆن و 910 ملیار دیناربوو، نزیکەی 11 ترلیۆن و 580 ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخان کرابوو، باسیش لەوە کرابوو کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە دەرهێنرا و هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی و تەیف سامی وەزیری وەزارەتەکە گەڕاونەتەوە بۆ کارکردن بە خەرجی ڕاستەقینە و دەڵێن بەو شێوەیە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاماژە بەوە دەکات کە، سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دوو ڕۆژی دیکە لە گەشتەکەی بۆ دەرەوەی عێراق دەگەڕێتەوە و فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵی کۆ دەبنەوە و داوای ڕوون کردنەوەی لێ دەکەن.