رووماڵ

سبەی قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق دەست پێدەکات

سبه‌ی قۆناغی سێیه‌می پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ده‌ست پێده‌كات، كه‌ له‌ 77 پرسیار پێكهاتووه‌ و له‌ 12ـی مانگی داهاتوو پرۆسه‌كه‌ كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ئيحسان حه‌سيب، سه‌رپه‌رشتیاری ڕاهێنانی بژمێره‌كانی سه‌رژمێریی له‌ سلێمانی به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند: قۆناغی سێیه‌م، قۆناغێكی زۆر گرنگه‌ و سه‌رجه‌م بژمێره‌كان خولیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ سبه‌ی كراوه‌.

باسی لەوەش کرد، سبەینێ کاتێک پرۆسەکە دەست پێدەکات، فۆڕمێکی 77 پرسیاری بەسەر خانەوادەکان دابەش دەکرێت و لە 12ـی مانگی داهاتوو پرۆسەکە کۆتایی دێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ قۆناغی سێیه‌مدا كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌ بواری ته‌ندروستی و ئاستی خوێنده‌واری و كاری پیشه‌ له‌ تاك به‌ تاكی ئه‌ندامانی خێزان ده‌كرێن، بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستیان به‌ كارتی نیشتمانی و پسووله‌ی خۆراك ده‌بێت.

دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕاگەیاند. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد "ژمارەی گشتیی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار کەسی تێ پەڕاندووە، ڕێژەی دانیشتووان لە شارەکان  70.3% و لە گوندەکانیش 29.7%ـە."