وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی چەندین گرووپی ساختەکردنی دراوی ڕاگەیاند

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم ساڵ 340 ئۆپراسیۆنیان کردووە بۆ دەستگیرکردنی گرووپە ساختەکارەکان، کە 32 یان بۆ دەستگیرکردنی ساختەکارانی دراو بووە و لیرە، دۆلار و یورۆیان ساختە کردووە. 

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە 10 مانگی ڕابردووی ئەم ساڵدا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 340 ئۆپراسیۆنیان بۆ دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە ساختەکارەکان کردووە، لە نێویاندا 32 ئۆپراسیۆن تایبەت بە تاوانکارانی "ساختەکردنی پارە" بوون و 104 گومانلێکراو لەسەر ساختەکاری دراو دەستگیرکراون، بەڵام بڕیاری زیندانی بۆ 48 گومانلێکراو دەرچوون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەیداوە، ئۆپراسیۆنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی داواکاری گشتیی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکان کراون و توانراوە دەست بگیرێت بەسەر یەک ملیۆن و 479 هەزار و 260 لیرەی تورکی، لەگەڵ 352 هەزار و 576 دۆلاری ئەمەریکی و سێ ملیۆن و 613 هەزار و 550 یورۆ کە سەرجەمیان ساختەکراو بوون، هاوکات لە ئۆپراسیۆنەکان دەستگیراوە بەسەر دوو چاپخانە کە لە پارەی ساختەیان پێ چاپ دەکرد.