ڕۆژنامەیەک: لە ڕووسیا دزینی کەرە سەری هەڵداوە

ڕۆژنامەیەکی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و دروستبوونی قەیرانی ئابووری نرخی کەرە بەرز بووەتەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دزینی کەرە، کە ترسێکی زۆری خسووەتە بەر دڵی خاوەن مارکێتەکان.

ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوی کردووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە هەفتانە 50 حاڵەتی دزینی کەرە تۆمار کراوە، دزینی کەرەش دوای ئەوەی دێت بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا نرخەکەی بەرز بووەتەوە بۆیە زۆرینەی هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە.

بە پێی ڕۆژنامەکە، ئێستا لە ڕووسیا مارکێتەکان لە ترسی دزینی، کەرە لەسەر ڕەفەکانیان نمایش ناکەن، هەروەها لە وڵاتەکەدا هەڵاوسان بەرز بووەتەوە، کە وای کردووە ڕێژەی سووی بانکی بۆ 21% بەرز بکرێتەوە.

شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، بەدووری نازانرێت بەرزبوونەوەی نرخەکانی کەلوپەل بە گشتی ناڕەزایەتی بەرفراوانی سەر شەقامەکانی لێ بکەوێتەوە، کە ئەمەش زیان بە جەماوەری پوتین دەگەیەنێت.

فەریدە ڕوسوتامۆڤا، شرۆڤەکاری ڕووسی ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی کەرە و پەتاتە هاووڵاتییانی ڕووسی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی وڵاتەکە لە ساڵی 2023، گلەییان لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی هێلکە هەبوو.

جەختی لەوەش کردەوە، هیچ هەفتەیەک نەبووە کە تیایدا نرخی کەرە بەرز نەبێتەوە. هەندێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی ڕووسیش پێیان وایە، ئەم بەرزبوونەوەی نرخە ڕەنگە پوتین ناچار بکات کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا بهێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment