هۆکاری ئاست خراپی ئێمباپێ ئاشکرا دەکرێت و ریاڵ مەدرید گومانی هەیە
ئەو گومانانەی لەسەر ئاستی کیلیان ئێمباپێ بوون لەگەڵ ریاڵ مەدرید، دوای پێکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ شوێنی خۆی لە یاریگە، هێندەی دیکە زیاتر بوون.
هاتنی ئێمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید ماوەیەکی دوور و درێژی ویست و نزیکەی سێ مانگە یاریی بۆ مێرێنگێ دەکات، بەڵام ئەو ئاستەی پێشکەش نەکردووە، کە هەمووان چاوەڕێی بوون.
میدیاکان هۆکاری ئاست خراپی یاریزانە فەڕەنسییەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە، کە لەناو یاریگە لە شوێنی خۆی یاریی ناکات و وەك یاریزانی سەرەڕم پشتی پێدەبەسترێت، بەڵام دوای پێکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گەڕانەوەی بۆ باڵی چەپی یاریگە نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکات، کە پێی ناسراوە.
تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە: هەرچەندە ریاڵ مەدرید متمانەی بە کیلیان ئێمباپێیە لە گەڕانەوە بۆ ئاستە نایابەکەی، بەڵام گومانیان لە ئاستی یاریزانەکە زیاترە وەك لەوەی لێی دڵنیا بن.
ریلیڤۆ نووسیویەتی: دوای سێ مانگ لە هاتنی بۆ مەدرید هێشتا یاریزانەکە نادرەوشێتەوە، وردە وردە بەهرەی کەمدەبێتەوە، کاتێك یانەکەی پێویستی پێیەتی نابێتە رزگارکەر و ئەنجام یەکلایی ناکاتەوە.
لە یاریگەی ئانفێڵد و لە یاریی بەرامبەر لیڤەرپوول دەکەوت ئێمباپێ یاریزانەکە بەدەست قەیرانێکەوە دەناڵێنێت، چونکە لەو یارییە تەنیا دوو لێدانی بۆناو گۆڵی رێدز هەبووە و یەکێکیان بە لێدانی سزا بوو، بۆیە یاریزانەکە نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستەی، کە هەمووانی سەرسام کرد کاتێک یاری بۆ پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکرد.
تۆڕە ئیسپانییەکە لەبارەی ئێمباپێوە دەڵێت: یاریزانەکە بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە رووی دەروونی و جەستەییەوە پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە، بۆئەوەی لەم دۆخە سەختەدا یارمەتی یانەکەی بدات.
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی تەمەنی 25 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی مۆناکۆ و پاریس سانجێرمان کردووە، لە هاوینی 2024 بە خۆڕایی پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 180 ملیۆن یۆرۆیە.