بازاڕی وزە چاوی لەسەر شەڕەکەی سووریایە
چەند ڕۆژێکە لە سووریا پێکدادانی سەربازی و شەڕی قورس لە ئارادایە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ململانێ هەرێمییە و ناوچەییەدا کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و هەرجارە و بەشێوەیەک دەردەکەوێت، ئەوەی جێی سەرنجە بە پێچەوانەی پێکدادان و شەڕەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم شەڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سووریا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر نرخی نەوت نەبووە، ئەوەش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە.
ئێستە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا کەمترە لە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەو نەوتەشی بەرهەم دێت بە شێوازێکی بەرهەمهێنانی کۆنە و بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز دەفرۆشرێت.
گەورەترین کێڵگە نەوتییەکان لە سەرتاسەری سووریا دەکەونە ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە و ئەمەریکا ڕۆڵی پاراستنی بەشێک لەو بیرە نەوتانە دەبێنێت. شارەکانی حەسەکە، دێرەزور و ڕەققە گەورەترین بیرە نەوتەکانی سووریا لەخۆ دەگرن.
ئەو نەوتەی لەو کێڵگە نەوتییانە بەرهەم دەهێنرێت بە چوار شێوەی سەرەکیی ساغ دەکرێتەوە:
یەکەم/ بەشێکی بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت.
دووەم/ بەشێکی بە نرخێکی داشکێنراو بە ڕژێمی سووریا دەفرۆشرێتەوە.
سێیەم/ بڕێک لەو نەوتەش بەو گرووپانە دەفرۆشرێت کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیی دەکرێن و هەژموونیان بەسەر چەند ناوچەیەکیدا هەیە.
چوارەم/ هەندێ سەرچاوەی مێدیاییش باس لەوە دەکەن کە بەشێکی کەم لەو نەوتە ڕەوانەی عێراق دەکرێت و لە بازاڕی ڕەشدا ساغ دەکرێتەوە.
کاریگەری هێرش و شەڕەکەی ئەمجارەی سووریا لەسەر بازاڕی نەوت لەبەردەم دوو ئەگەردایە، ئەگەری یەکەم ئەوەیە کە شەڕەکە فراوانتر بێت و دوای حەلەب تەشەنە بکات و نزیک بێتەوە لە ڕەققە، ئەوا کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی نەوت دەردەکەوێت و چەند دۆلارێک لە نرخەکەی بەرز دەکاتەوە.
ئەگەری دووەم ئەوەیە کە شەڕەکە بە سنوورداری بمێنێتەوە و لە سنووری هەردوو شاری حەلەب و ئیدلیب تێ نەپەڕێت، لەو کاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بازاڕی وزە و نرخی نەوت نابێت، چونکە ئەو ناوچەیە دوورە لەو کێڵگە نەوتییانەی کە توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان زۆرە و کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت هەیە.