بانكێکی بەشدار لە پرۆژەی "هەژماری من" داوایەک لە مووچەخۆران دەکات
بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دەرگەکانی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: سەرجەم خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ مووچەخۆران دابین دەکەین.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بانەکەکە ئامادەیە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری من" بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بانکەکە ڕایگەیاند، کە دوو لقی لە هەولێر و لقێکی سلێمانی هەیە، هەروەها لقی دهۆکیش لە قۆناغی کردنەوە دایە. جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەرجەم خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ مووچەخۆران دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من" تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنیش بەردەوامە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، 300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکیەکانەوە وەردەگرن.
تاوەکوو ئێستا 250 ئەی تی ئێم 'ئامێری ڕاکێشانی پارە' لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان بکەنە زیاتر لە 1000 دانە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە ئاسانی مووچەکانیان وەربگرن.
هەروەها سەرجەم مووچەخۆران لە کاتی سەردانی ئامێرەکانی ATM لەلایەن بریکارەکانی پڕۆژەی هەژماری من پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕاکێشانی پارەکانیان یارمەتیدەر دەبن. هاوکات، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من بکەن لە ڕێگەی ژمارە 1991 بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە سەر ئامێرەکانی ATM.