سبەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی بودجەی گشتی دەکرێت
شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سبەینێ، یەکشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 دەکرێت.
گوتیشی: "ئامانجی کۆبوونەوەی کورد، سوننە و شیعە ئامادەکارییە بۆ تێپەڕاندنی سێ پرۆژە یاساکەی بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانە، کە یەکێکیان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس و چەند مانگێکە سێ پرۆژەکە کێشەیان لەسەرە."
هەروەها ئاماژەی دا "لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەک دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕاسپاردانە بدرێن کە پێویستن." گوتیشی: "هەندێک ڕێککەوتنیش کراوە بۆ ئەوەی پرۆژەکان تێپەڕێنرێن."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان گەشبینی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی کە سبەی دووشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2025 بکرێت و ڕاشیگەیاند "تاڕادەیەک ڕێککەوتن کراوە."
تاوەکوو ئێستا ڕێککەوتنی کۆنکریتی لە نێوان کورد و سوننە و شیعە نەکراوە، بۆ ئەوەی ئەو سێ پڕۆژە یاسایە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک. کە ئەمە پێنجەم جارە لەسەر ئەو پرۆژە یاساییانە کۆ دەبنەوە.
جگە لەوەش، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان لێژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە، چوار بەرپرسی گەورەی وەزارەتی نەوت ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن، ئەمەش وەکوو ئامادەکارییەکە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە بکرێت بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەرپرسەکانیش بریتین لە "جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی و بەڕێوەبەری بەشی ئابووری وەزارەتی نەوت."