ڤیدیۆ.. لە یارییەکی تۆپی پێ کۆمەڵکوژی ڕوویدا

بەهۆی بڕیارێکی ناوبژیوان دەیان کەس کوژران

لە یاریی یانەکانی لابی و نزیریکوری لە میانی پاڵەوانێتی دۆستانەی غینیا کە وەکو رێزلێنانە لە مامادی دۆمبیا سەرۆکی غینیا، کۆمەڵکوژی روویدا، دوای ئەوەی بڕیارێکی ناوبژیوان بووە هۆی تووڕەبوونی هاندەران و رژانە نێو یاریگە و شەڕ و ئاژاوە دروست بوو.

حکومەتی غینیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند بەهۆی ئەم رووداوە 56 کەس کوژراون، رووداوەکەش لە شاری نزیریکوری بووە کە دووەم گەورەترین شارە لە وڵاتەکە.
حکومەتی غینیا هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئەم رووداوە بەهۆی بڕیارێکی ناوبژیوان بووە کە بووەتە هۆی تووڕەبوونی هاندەران و شەڕە بەرد دروست بووە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەیان کەس گیان لەدەست بدەن.

ئامادو ئاوری سەرۆک وەزیرانی غینیا ئیدانەی ئەم رووداوەی کردووە و دەڵێت: حکومەت بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە دەکات و رێگەی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی غینیا ئاشکرایان کردووە ئەم یارییە بەشێکە لە پاڵەوانێتییە دۆستانەکەی وڵاتەکەیان وەکو رێزلێنانێک لە مامادی دۆمبویای سەرۆکی وڵاتەکەیان.