یانەی دهۆك لەبەردەم رووداوێكی مێژوویی گەورەدایە

یانەی دهۆک دوای یارییەکەی لەگەڵ یانەی نەسری ئیماراتی، لەسەرەتای مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە قەتەر دەبێتە میوانی یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی

ئاكۆ عوزێر، پێتەر گۆركیس، مەسعوود میرال و پاشانگ عەبدوڵڵا
ئاكۆ عوزێر، پێتەر گۆركیس، مەسعوود میرال و پاشانگ عەبدوڵڵا

لە یاریی گەڕانەوەی پاڵەوانێتی جامی كەنداوی عەرەبی، یانەی دهۆك لە شاری دوبەی دەبێتە میوانی یانەی نەسری ئیماراتی، هەڵۆیەكانی بادینان لە ئەگەری بردنەوەیان لەو یارییە بەڕێژەیەكی زۆر سەركەوتنیان بۆ قۆناغی پێشكۆتایی مسۆگەر دەكەن.

لە گەڕی چوارەمی یارییەکانی پاڵەوانیەتی جامی کەنداوی عەرەبی، سبەی سێشەممە كاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بە كاتی هەولێر، لە یاریگەی (ئال مەكتوم) لە شاری دوبەی ئیمارات،  یانەی دهۆك دەبێتە میوانی یانەی نەسر، ئەم یارییەش لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو هەردوو یانە لە شاری دهۆك لە یارییەكی دراماتیكی دا بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان بەرامبەربوون.

یانەی دهۆك لەم یارییە ئەركی سەختە، چونكە ركابەرەكەی یەكێكە لە باشترین یانەكانی ئیمارات، بەوپێیەی نەسر ئێستا لە ریزبەندی خولی وڵاتەكەی پلەی پێنجەمی گرتووە و لە پێش یانەكانی عەین و وەسڵی ئیماراتی دێت. یانەكەش لە لایەن ئالفرێد شرۆدێری هۆڵەندی راهێنەری پێشووی یانەی ئایاكس ئەمستردام سەرپەرشتی دەكرێت و پێشتر شرۆدێر لە یانەی بارسێلۆنا یاریدەدەری رۆناڵد كۆمانیش بووە.

لە بەرامبەردا یانەی دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ئەنجامەكانی وەكو پێویست نییە، چونكە یانەكە لە یەككاتدا بەشداریی دوو پاڵەوانێتی دەكات، دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 6 یاری، 1 بردنەوە، 3 دۆڕان و 2 یەكسانبوونی هەیە.

دهۆك جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی تا ئێستا نەدۆڕاوە و لە گەیشتنی بۆ قۆناغی پێشكۆتایی نزیكە، بەوپێیەی لە كۆی 3 یاری، 2 بەرامبەربوون و بردنەوەیەكی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ لە پلەی كۆمەڵەكەی دووەم دێت، لە بەرامبەردا نەسر بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ پێشەنگی كۆمەڵەكەی دێت.


 

كاتی یارییەكانی دیكەی داهاتووی دهۆك دیاریكراوە

یانەی دهۆک دوای یارییەکەی لەگەڵ یانەی نەسری ئیماراتی، لەسەرەتای مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی قەتەر دەبێتە میوانی یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی.

جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، بە بەشداریی 8 یانە بەڕێوە دەچێت، دابەش كراون بە سەر دوو كۆمەڵە، دهۆك لە كۆمەڵەی یەكەم هاوشانی یانەكانی، زەفاری عومانی، نەسری ئیماراتی و ئەهلی سەنعای یەمەنی یاریی دەكات، كۆمەڵەی دووەمیش لە یانەكانی، ئیتیفاقی سعوودی، رەفعی بەحرێنی و عەرەبی قەتەری و قالدسیەی كوێتی پێك دێت، یارییەکانی پاڵەوانیەتیەکە بەشێوازی چوون و گەڕانەوە دەكرێن، هەر یانەیەك شەش یاری دەکات، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لە هەر كۆمەڵەیەك پلەكانی یەكەم و دووەم بۆ قۆناغی پێشكۆتایی سەردەكەون.

هەر یانەیەكی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، 300 هەزار دۆلار وەكو پاداشت وەردەگرێت، هەر یانەیەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی بكات 30 هەزار دۆلاری پێدەدرێت، بۆ هەر بردنەوەیەك 30 هەزار دۆلار بەدەستدەهێنیت، هەر یانەیەكیش بكاتە قۆناغی پێشكۆتایی 100 هەزار دۆلاری پێدەدرێت.

هەر یانەیەك ببێتە پاڵەوانی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی 3 ملیۆن دۆلار وەكو خەڵات وەردەگرێت، ئەو یانەیەی پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت یەك ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، لە كۆتایی دا باشترین یاریزان و باشترین گۆڵپارێزی و گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكەش هەریەكەیان 50 هەزار دۆلار وەردەگرێت.