زاناکان دەیانەوێت بە نامەی مۆبایل بۆن بنێرن
زاناکان توانیان بۆن لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بگوازنەوە, دەیانەوێت لەڕێگەی مۆبایلەوە وەکو دەنگ و وێنە بتوانرێت بۆن بە نامەی ئەلکترۆنی بنێردرێت، کەسەکەی بەرامبەریش نامەکە بکاتەوە بۆنەکە لە مۆبایلەوە دەرچێت
مرۆڤ توانی هەستی بینین و بیستن بەشێوەی دیجیتاڵی بگوازێتەوە، بەڵام تا ئێستا نەماندەتوانی بۆن بگوازینەوە، بەڵام ئیدی زانست دەتوانی ئەم کارەش بکات.
زۆر جار حەز دەکەیت وێنەیەکی خۆت بۆ هاوڕێیەک یان خۆشەویستێک بنێریت، ببینێت جلوبەرگەکەت جوانە یان نا؟ ئەی گەر لە داهاتوو بتوانیت ئەو بۆنەی لە خۆتت داوە ئەویشی بۆ بنێریت بڵێیت بۆنەکەشم خۆشە؟ کۆمپانیایەک بەناوی ئۆسمۆ بە ژیریی دەستکرد ئامێرێکیان دروست کردووە دەتوانێت بۆن بۆ چەند سامپڵێکی دیجیتاڵی شی بکاتەوە، ئامێرەکە دووبارە دەتوانێت ئەو بۆنە دروست بکاتەوە، بەشێوەی گازی شلە بەرهەمی بهێنێت.
لەو ڤیدیۆیەی بەرهەمیان هێناوە، ئەو ئامێرە نموونەی بۆنەکە وەردەگرێت دەیکاتە کۆدێکی دیجیتاڵی؛ بۆ نموونە بۆنی میوەی وەکو خۆخ چەند کۆدێكی بۆ دادەنێت، ئامێرەکە دەتوانێت ئەو بۆنە بەو کۆدە دیجیتاڵییە دووبارە درووست بکاتەوە و بەشێوەی گازی شلە بەرهەمی بهێنێت لە شوێنێکی دیکە بڵاوی بکاتەوە.
کۆمپانیای ئۆسمۆ، لە چەند زانایەکی بوارەکە پێک هاتوون، دەڵێن ئامانجییانە لە داهاتووێکی نزیکدا ئەو ئامێرەیان بخەنە بازاڕەکانەوە؛ دەیانەوێت لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ ڕێکبکەون، بتوانن ئامێرەکە بچووک بکەنەوە بۆ مۆبایلێک و بتوانن لەناو مۆبایل ئەو هەستی بۆنکردنە هاوشێوەی هەستی بینین و بیستن زیاد بکەن.
لە ئۆنڵاین دەوترێت گەر هەستی بۆنکردن بخرێتە سەر مۆبایلەکان! کارەکە خراپتر دەبێت لەوەی هەیە، چونکە لە جیاتی بۆنی خۆش بێگومان خەڵکی بۆ ڕابواردن هەرچی بۆنی ناخۆشە بۆ یەکتری دەینێرن!
هیچ شتێک لە تەکنەلۆژیا و زانست مەحاڵ نییە! پێشتر کۆمپیوتەر بەقەد ژوورێک بوو، ئێستاش چیپێکە لە گوێیەکان دەکرێت، بۆیەش پێشبینی دەکرێت لە نێوان پێنج بۆ 10ساڵی دیکە هەستی بۆنکردن بۆ ئامێرەکانی ڕۆژانەمان زیاد بکرێت