ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی باکووری سووریا گەیشتە 602 کەس

دایکێک و دوو منداڵی باکووری سووریا لە ناوچەکانی شەڕ هەڵدێن
دایکێک و دوو منداڵی باکووری سووریا لە ناوچەکانی شەڕ هەڵدێن

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، ژمارەی کوژراوانی باکووری سووریا گەیشتووەتە 602 کەس لەو کاتەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی باکووری سووریا سەری هەڵداوە.

سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی کوژراوانی باکووری سووریا بەرزبووەتەوە بۆ 602 کەس کە لەنێوانیاندا 104 هاووڵاتیی سڤیل هەن.

ڕوانگەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ئەو تۆڕە فراوانەی لە سەرچاوەکانی سەرتاسەری سووریا هەیانە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە 27ـی تشرینی دووەمەوە گەیشتووەتە 602 کەس کە 299 کوژراو لەو ژمارەیە لە بەرەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانیەتی، 199 کوژراوی دیکەش لە هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمن، لەگەڵ 104 هاووڵاتی سڤیل.

دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، لەبارەی بارودۆخی سووریا و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا پەیامیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، نابێت وڵاتان بە بێ بەرامبەر پەیوەندییان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا ئاسایی بكەنەوە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، گوتی: هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ئاسایی دەكەنەوە و ئەمەش قبووڵكراو نییە. 

دەشڵێت: نابێت ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەسەددا بەبێ مەرجی گۆڕانكاری بێت لە هەڵسوكەوتەكانیدا كە تاوەكو ئێستا نەگۆڕاون. 

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پێنتاگۆن" ڕایگەیاند: بەرەی تەحریر شام گرووپێكی تیرۆریستییە و پەیوەندیان بە شەڕی حەلەبەوە نییە، لەبارەی هەڕەشەكانی داعشیش ئاشکرای کرد کە لە سووریا هەماهەنگی دەكەن.