ئەم ساڵ 276 لاو لە هەردوو ڕەگەز بەشداری خولی پیشەیی بوونە
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنان و پیشەیی هەولێر: خولەکان بۆ ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کارە
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنان و پیشەیی هەولێر، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەردەوامە لە خولەکانی ڕاهێنانی تایبەت بە توێژی لاوان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پیشەی خۆیان و دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.
دلاوەرئەنوەر، بەڕێوەبەریی ڕاهێنان و پیشەیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2024، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی ڕاگەیاند "بەردەوام لە ڕێگەی کردنەوەی خوولی جیاوازەوە ڕاهێنان بە توێژی لاوان دەکەین، کە بێکارن و هیچ پیشەیەک و دەست ڕەنگینییەکیان نییە، بۆ ئەوەی لە دوای خولەکە ببنە خاوەن پیشەیەک و دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت."
گوتیشی: "بۆ هەرخولێک زیاتر لە 50 کەس سوودمەند دەبن و ئێستا 100کەس لە هەر دوو ڕەگەزی جیاواز لە دوو خوولی جیاواز ڕاهێنان دەبینن، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا 276 کەس لە خول و ڕاهێنانەکان سوودمەند بوونە، کە هەرخولێک 45 ڕۆژ دەخایەنێت و بڕوانامەی فەرمیان پێدەدرێت."
بەڕێوەبەریی ڕاهێنان و پیشەیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "زۆرترین خواست لەسەر خولەکانی دانان و بەستنی کامێرەی چاودێری، کۆمپیۆتەر، بەستنی سیستمی وزەی نوێ بووەوەی کارەبایە لەگەڵ خولی دروومانی لای ئافرەتان."
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنان و پیشەیی هەولێر لە ساڵی 1980ـەوە دامەزراوە و چەندین بەشی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە کارەبا، کۆمپیۆتەر، دارتاشی، ئینتەرنێت، بەستنی سیستمی وزەی خۆر، مۆبایل، بەستنی کامێرەی چاودێری.