گرووپی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کۆ دەبنەوە
بازاڕەکانی وزە لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پڵەس ماونەتەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە یەکی دیسێمبەر بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە بچێت، کۆبوونەوەکە بۆ پێنجی دیسێمبەر دواخرا.
زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی خاو لە لایەن وڵاتانی دەرەوەی ڕێکخراوی ئۆپێک و لاوازبوونی خواست، ئەگەری دواخستنی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی لەلایەن ئۆپێک پڵەس بەرز کردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت گرووپەکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکوو چارەگی یەکەمی ساڵی 2025 بە جێگیری بهێڵێتەوە، ئەمەش لە وەڵامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.
کۆبوونەوەکەی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، تا دێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا زیاتر پەرە دەسێنێت، ئێستا گرووپی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس نزیکەی نیوەی خستنەڕووی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن، هەروەها پلانیان هەیە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بگەڕێننەوە بازاڕەکانی وزە.
لەو چوارچێوەیەدا شرۆڤەکارانی دامەزراوەی دارایی و بانکی گۆڵدمان ساکس دەڵێن: بە سەرنجدان لە بەرزبوونەوەی ئاستی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لەلایەن وڵاتانی ڕووسیا و کازاخستان و عێراق و دابەزینی نرخی نەوت، ئێمە پێشبینی دەکەین کەمکردنەوەی بەرهەمەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پڵەس تاوەکوو مانگی چوار 2025 درێژ بکرێتەوە.
ئۆپێک پڵەس بە چەندین ڕێککەوتن لە دوای 2022 بڕی بەرهەمهێنانی بە 5.86 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە، بەڵام سەرەڕای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و دواخستنی ئاستی بەرهەمهێنان، نرخی نەوت لە ماوەی ئەمساڵدا لە نێوان 70 بۆ 80 دۆلار ماوەتەوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بۆ هاوسەنگکردنی بوودجەکانیان پێویستیان بە 70 دۆلار لە نرخی نەوت هەیە، دروستبوونی فشار لەسەر نرخی نەوت ترسی لە لایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بەرز کردووەتەوە وڵاتان دەیانەوێت دابەزینی نرخی نەوت سنووردار بکەن.