سەباح سوبحی: سبەی لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بوودجە دەکرێت
ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و داوای دەستبەجێ چارەکردنی ئەو کێشەیەی کرد.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: "سبەینێ خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بوودجە دەکرێت کە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوکات کۆدەنگییەک هەیە لە سەر هەموارەکە."
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "ئەمڕۆ پەرلەمان میوانداریی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، کە باسی لە زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و داوای دەستبەجێ چارەکردنی ئەو کێشەیەی کرد."
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و کرد و لەسەر دوو تەوەرە قسەی کرد، یەکێکیان تایبەت بە لێکەوتەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بوو، پەرلەمان ئەم بەشەی کۆبوونەوەکەی بە نهێنی هێشتەوە، تەوەری دووەمیش تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و گۆڕانکارییە حکوومییەکان بوو.
سوودانی، هۆکارە پێویستهكانی ههمواری یاسای بودجهی گشتیی فیدراڵی خسته ڕوو و داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد دەنگ بە هەموارکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بدەن و گوتی: "تا زیاتر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوا بکەوێت، زیانی زیاترمان بەر دەکەوێت."