سوودانی داوای هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان ده‌كات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سوودانی هۆ پێویستەکانی هەمواری یاسای بوودجەی گشتیی خستەڕوو و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد دەنگ بە هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بدەن. 

چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و کرد و لەسەر دوو تەوەر قسەی کرد، یەکێکیان تایبەت بە لێکەوتەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بوو، پەرلەمان ئەم بەشەی کۆبوونەوەکەی بە نهێنی هێشتەوە، تەوەری دووەمیش تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە و گۆڕانکارییە حکوومەتییەکان بوو. 

سوودانی، هۆ پێویسته‌كانی هه‌مواری یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی خسته‌ ڕوو و داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد دەنگ بە هەموارکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بدەن و گوتی: "تا زیاتر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوا بکەوێت، زیانی زیاترمان بەر دەکەوێت." 

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕێککەوتن کراوە و 16 دۆلار وەکوو تێچووی هەر بەرمیلێک دیاری کراوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە هۆکانی دواکەوتنی گۆڕانکارییە حکوومەتییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، گۆڕان لە شەش وەزارەتدا دەکەن.

سوودانی لەباری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرێمەکە مانگانە پێویستی بە 950 ملیار دینارە، بەڵام ئەوەی بەردەستە بۆ ناردنی مووچە تەنیا 763 ملیار دینارە."

باسی لەوەش کرد "کێشەی داهاتی نانەوتی و خاڵە سنوورییەکان و گومرگ تا ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە و چارە نەکراون."

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "مووچە بابەتێکی سیاسی نییە و هیوادارە، هەمواری یاسای بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکات."