جەمال کۆچەر: هەمواری یاسای بوودجە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارە دەکات

جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، لایەنە کوردستانییەکان یەک هەڵوێست بوون لەسەر ئەوەی ئەگەر هەمواری یاسای بوودجە نەخرێتەوە بەرنامەی کار، ئەوا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش دەکەن. گوتیشی: بە هەمواری یاساکە سەرجەم کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق چارە دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەگەر یاسای بوودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و هەموار بکرێتەوە ئەوا پێنج کێشەی سەرەکیی چارە دەبن و ئامانەن:

یەکەم: کێشەی تێچووی گازی ڕاستەقینە ئاشکرا دەبێت.

دووەم: کێشەی هەناردەکردنی گاز لەلایەن حکوومەتی هەرێم بە ڕێگەی سۆمۆوە چارە دەبێت.

سێیەم: کێشەی ئەو بڕە پارەیەی کە لەوانەیە حکوومەتی تورکیا لە بەرانبەر هەناردەنەکردنی گاز بە ڕێگەی بۆری تورکیا لە عێراقی داوا بکات ئەویش چارە دەبێت.

چوارەم: کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت.

پێنجەم: کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: فراکسیۆنە کوردییەکان ئەمڕۆ یەک هەڵوێست بوون و بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان کرد، بەهۆی ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەرهێنرا.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، تا هەموارەکە نەخرێتەوە بەرنامەی کاری پەرلەمان، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی داهاتووش دەکەین.

جەمال کۆچەر، گوتیشی: ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە داهاتی عێراق زیاد دەکات و کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارە دەبێت و هیچ بیانووێک نامێنێت بۆ عێراق کە مووچە نەنێرێت.

هەر ئەمڕۆ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بوودجە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەرهێنرا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.