هاووڵاتییانی عێراق دەترسن پارە لە بانکەکان دابنێن

هاووڵاتییانی عێراق ترسیان هەیە پارە لە بانکەکان دابنێن، چونکە تەنانەت بازرگانەکانیش متمانەیان نییە، بەگوێرەی شارەزایان هۆکاری ئەو بێمتمانەییە ناسەقامگیری دارایی و بەقاچاخبردنی پارە و  سزا ئابوورییەکانە، هەروەها هیچ هاندەرێك نییە تا پارە لە بانکە عێراقییەکان دابنێن. 

بڕە پارەیەکی زۆر و زەبەلاح کە نزیکەی 90 ترلیۆن دینارە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراق لە ماڵەکان هەڵگیراوە، ئەمەش لە کاتێکدا چەندین بانک هەیە، بەڵام بەهۆی چەندین هۆکارەوە ترسی دانانی پارە لە بانکەکان بەسەریاندا زاڵ بووە.

ئەنوار موسەوی، چاودێر سیاسی و ئابووری له‌م باره‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: خابوونەوە لە گەڕاندنەوەی پارە و سنووردانان بۆ بڕە پارەیەکی دیاریکراو بۆ نموونە 10 ملیۆن لە ماوەی مانگێك یان مانگ و نیوێکدا وەردەگیرێت، بازرگان لە هەر ئانوساتێکدا پێویستی بە پارە بوو دەبێت بۆی دابین بکرێت، چونکە کاری هەیە، ئەگەر دوابکەوێت بازرگان و هاووڵاتی یان هەر کەسێكی خاوەن پارە ترسی دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە بانکانە بکات.

لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانی بانکەکانە، سزاکانی ئەمەریکا لەسەر بەشێك لە بانکەکان بەهۆی بەقاچاخبردنی دۆلار، هۆکارێکی نەبوونی هاندەرە بۆ هاووڵاتی و بازرگان کە ڕۆڵی بانکەکانی عێراقی لاواز کردووە.

فەیسەڵ رێکان، چاودێری ئابووری و سیاسی به‌ كوردستان24ـی گوت: متمانە لەنێوان هاووڵاتی و بانکەکان نییە، هەندێك جار هاووڵاتی بە دراوێکی دیاریکراو پارە لە بانك دادەنێت، کاتێك دەیەوێت ئەو دراو ڕابکێشێت دەبینێت لە بانکەکان چەند رێنماییەك هەیە رێگەی پێنادات ئەو بڕە پارەیە بە هەمان دراوی خۆی ڕابکێشێت.

لەوه‌ته‌ی ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا، سەرجەم حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکان شکستیان هێنا سیستەمێکی بانکی دروست بکەن کە هاوشێوەی سیستەمەکانی جیهانە، یان بە لایەنی کەم بتوانن متمانە لە دەروونی هاووڵاتییان بچێنن تا پارە لەو بانکانە دابنێن، کە بەهۆی لەدەستدانی پارە زۆرینەیان ترسیان لەو کارە هەیە.