بەهای تومەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی
دابەزینی بەهای تومەن بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهای ئەو دراوە ڕیکۆردی دابەزینی نوێ تۆمار دەکات، ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایەی سووریا و سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەسەر ئێران و ترسی سیاسەتەکانی ترەمپ بەرانبەر بە تاران، بەهای ئەو دراوەیان زیاتر دابەزاندووە و هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی بەهاکەی لە داهاتوودا بەدی ناکرێت.
جارێکی دیکە هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی خراپی دۆخی ئابووریی ئێران، هاوکات لەگەڵ گەڕێکی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا، بازاڕی دراوی ئێرانی هەژاند، بەهای تومەن بەرانبەر دۆلار دابەزینێکی دیکەی مێژوویی تۆمار کرد.
لە دوای مانگی ئەیلوول، چوارەم جارە بەهای تومەن ڕیکۆردی نوێی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، شارەزایان دەڵێن: دابەزینی ئەم دوایەی بەهای تومەن لە دەرئەنجامی دابەزینی پێگەی تارانە لە بەرانبەر ئیسرائیل و هێزەکانی دیکە لە ناوچەکەدا.
بە گوێرەی داتاکان، لە سەرەتای ئەمساڵ بەهای یەک دۆلار بەرامبەر تومەن بە 50 هەزار و 650 تومەن مامەڵەی پێوە دەکرا، تاوەکوو ئەمڕۆ بەهای تومەن بە 42% دابەزیوە. دابەزینی بەهای تومەن لە کۆتایی مانگی ئەیلوول خێراتر بووە، دواتریش هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە، نیگەرانی لە بازاڕی دراودا دروست کرد، یەکێکی دیکە لە شۆکەکانی بازاڕ دراو هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بوو وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەهۆیەوە بەهای یەک دۆلاری گەیاندە سەروی 70 هەزار تومەن.
شەپۆلێکی دیکەی دابەزینی بەهای تومەن، بۆ بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە بە تایبەت بۆ سەر کەرتی نەوت و گاز کە شادەماری ئابووری ئێرانە، هەرچەندە لە سەردەمی جۆ بایدن سزاکان بۆ سەر ئێران نەرمیان نواند، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ سزاکانی سەر ئێران توندتر بن، لە دواین سزاکانیشدا ئەمەریکا 35 کۆمپانیا و کەشتیی نەوتهەڵگری کە ڕۆڵی سەرەکییان لە گواستنەوەی نەوتی ئیران و فرۆشتنی لە بازاڕەکاندا هەیە، خستە ژێر گەمارۆکانەوە.
لەگەڵ ئەوەی هەڵاوسان لە ئێران 40%ـی تێپەڕاندووە، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی بەهای تومەن، توانای کڕینی ئێرانییەکان پتر کەمبێتەوە، لە کاتێکدا یەک لەسەر سێی ئێرانییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدان، ڕۆژ دوای ڕۆژ رێژەی هەژاری زیاتر بێت.