چاودێرانی سیاسی: یەکێتی فەرمانبەرانی سلێمانی بۆ مەرامی کەسی خۆی بەکار دەهێنێت

بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمان
بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمان

سەربارى ئەوەى هەموو لایەک لە پێش هەموویانەوە حکوومەتى هەرێمى کوردستان مووچە بە مافێکى ڕەواى مووچەخۆران دەزانێت و هەموو هەوڵێکیشی لەبەغدا داوە بۆ دەستەبەر کردنى ئەو مافە، بەڵام بەغدا هەرجارە و بە بیانوویەک ئەو مافەى خەڵک نادات، لەم نێوەندەدا بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى سلێمانى هاتنە سەرشەقام  چاودێرانى سیاسى بۆچوونیان وایە کە یەکێتی، زانیارى هەڵە بە فەرمانبەران دەدات و دەیەوێت بە بانگەشەکردن بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى ئەوان دەستکەوتى سیاسی بۆ خۆى بەدەست بهێنێت.

ماف لە بەغدایە و داواکارى جارێکى دیکە لە سلێمانیە و ڕوو لە حکوومەتى هەرێمە،  مامۆستا و فەرمانبەران داواى مووچەکانیان دەکەن، وەک مافێکى ئاسایی، بەڵام ئێستا ئەو مافە لاى بەغدایە و بڕیارى دادگەى فیدرڵیش لەو بارەوە هەیە، بەڵام بەغدا پابەندى هیچ بڕیار و یاسایەک نابێت، بەشێک لەم خۆپیشاندەرانە لە ڕابردوودا و بە ئێستاشەوە لە لایەن حزبێکی سیاسیەوە ئاراستە دەکرێن، بە جۆرێک کەى حزب بییەوێت دێنە سەرشەقام و کەى حزب بییەوێ کۆتایى پێ دەهێنن.

سامان فارس، شرۆڤەکارى سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "من نازانم یەکێتی پەیوەندییەکی توند و تۆڵی هەیە بەقسەی خۆیان لەگەڵ لایەنە شیعەکان کە نزیکە لەخۆیانەوە، نازانم ئەو هاوپەیمانێتییەی بۆ کەی هەڵگرتووە بۆ نموونە حەسەن پلایس و قەیس خەزعەلی و ڕەیان کلدانی ئەگەر لەبری ئەوەی خەڵک دەهێنێتە سەر شەقام مامۆستایان و فەرمانبەران کە مافێکی ڕەوای خۆیانە داوای مووچەی خۆیان بکەن، ئەی بۆ ناچی لەگەڵ هاوپەیمانانە کە تۆ بەشێوەیەکی وا هاوپەیمانی و کردووە کە ئێستاش ناتوانی ڕەئێکی گەلی کورد بە ئەوان بڵێی ئێ بچۆ لەگەڵ ئەوان دانیشە زەخت بکە".

ئەو حزبەى دژى حکوومەتى هەرێمە، خۆى بەشدارێکى سەرەکى حکوومەتە و پۆستى باڵاى هەیە و ئاگادارى سەرجەم وردەکارى کێشەکانە و پۆستى باڵاى لە بەغداش هەیە.

لای خۆیەوە شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: "من پێم وایە داواکاری مامۆستایان یان مووچەخۆران بۆ مووچە داواکارییەکی ڕەوایە، مافێکی ڕەوایە مووچە بدرێت بە هەموو چینێک لە بەرانبەر ئەو ئەرکەی کە هەیەتی، بەڵام قۆستنەوە و بەلاڕێدابردن و هەتا سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە شتێکی تازە نییە، ئەو حزبەی هانی مامۆستا و فەرمانبەر دەدات خۆپیشاندان بکات، دەستێکی باڵای هەیە لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوو لەو کارەساتانەی بەسەر ئەم میللەتدا هاتووە".

هەموو کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی نەشاردووەتەوە کە مووچە مافێکی یاسایی و سرووشتی فەرمانبەرانە، بەڵام وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن: ناکرێت کە لایەنێک خۆی بەشدارێکی سەرەکی حکوومەتە و سەرجەم وردەکارییەکانی لایە داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان بۆ مەرام و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بهێنێت.