لیستی مووچەی مانگی 12 ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

لیستی مووچەی مانگی کانونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سوودانی گوت: "70 ڕۆژ تێ دەپەڕێت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مووچەی هەردوو مانگی تشرینی یەکەم و دووەمیان وەرنەگرتووە کە مافێکی دەستووری، یاسایی و شەرعی خۆیانە. لە ڕاستیدا ئەمە کێشەیە و لێکەوتەی نەرێنیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی لێ کەوتووەتەوە."

ڤیان سەبری بە سەرۆک وەزیرانی گوت: "بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە خەرج بکرێت وەکوو هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەوەی 70 ڕۆژ تێ دەپەڕێت، شۆکبووین بەوەی تەنها 760 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە کراوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد "کۆی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان دەگاتە سەرووی 900 ملیار دینار، واتا ئەو بڕە پارەی ئێوە (حکوومەتی عێراق) ناردووتانە زیاتر لە 200 ملیار دیناری لێ کەمە."

لەبارەی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، پرسیاری لە سوودانی کرد: "وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەڵێت، دەسەڵاتی گواستنەوە بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێڕەی یاسای بودجە، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە. پرسیارەکە ئەمەیە، بۆ بەڕێزتان فەرمان بە وەزارەتی دارایی ناکەن گواستنەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی بەگەڕخراوی هەرێمی کوردستان دروست بووە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرانبەر بە یاسای بودجە جێ بەجێ کردووە و نیوەی داهاتە نانەوتییەکانی ناردووە. "