ڤیدیۆ.. یاریزانێک لە تەمەنی 20 ساڵیدا وازی لە یاریکردن هێنا

تەنیا 10 خولەک یاریی کرد

 

لە خولی تۆپی پێی میسر یاریزانێک دوای ئەوەی تەنیا 10 خولەک یاریی کرد و گۆڕانکاریی پێکرا، هێرشی کردە سەر راهێنەرەکەی و دواتریش بە یەکجاری وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.

عەلا نوح راهێنەری یانەی مەنسووڕە لە یاریی یانەکەی بەرامبەر مقاولون لە خولی پلە دووی میسر، بڕیاریدا لە خولەکی 60 یاریی بە ئەحمەد شاهین بکات، دوای تەنیا 10 خولەک یارییکردن ئەمجارە بڕیاریدا گۆڕانکاریی بە شاهین بکات و یاریزانە 20 ساڵانەکەی هێنایە دەرەوە.

لەسەرەتا شاهین رەتیکردەوە یاریگە جێبهێڵێت، بەڵام هاوڕێکانی رازیان کرد کە بچێتە دەرەوە و بڕیارەکەی راهێنەر جێبەجێ بکات، لە کۆتاییدا یاریزانەکە بە تووڕەییەوە یاریگەی جێهێشت.

شاهین بە گریان و دڵێکی پڕەوە یاریگەی جێهێشت و بەرەو ڕووی راهێنەرەکەی چوو کە لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبوو، قسەی پێگوت و پاڵی بە ڕاهێنەرەکەیەوە دەنێت، بەڵام هاوڕێکانی دووریان خستەوە و شاهین یاریگەی جێهێشت.

ئەم یاریزانە 20 ساڵییە دوای ئەم رووداوە لەناکاو پۆستێکی کرد و داوای لێبوردنی لە راهێنەرەکەی و یانەکەی و هاندەران کرد و رایگەیاند چیدیکە یاریی تۆپی پێ ناکاتەوە.

شاهین نووسیویەتی: بڕیاریمدا بەیەکجاری واز لە یاریکردن بێنم، بەشێوەیەکی خراپ هەڵسوکەوتم کرد و بەدەست خۆم نەبوو.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیشدا شاهین دەلێت: داوای لێبوردن لە عەلا نوحی راهێنەر دەکەم و ئەو وەکو باوکمە و هیوادارم داوای لێبوردنەکەم قبوڵ بکات، دەشڵێت "منی هێنایە ژوورەوە و بەبێ ئەوەی تۆپ بە قاچم بکەوێت منی هێنایە دەرەوە، نازانم لەبەرچی گۆڕانکاریی پێم کرد؟"