بانکی ناوەندیی سووریا ڕادەستی ئیدارەی نوێ دەکرێت
بانکی ناوەندیی سووریا ڕادەستی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە دەکرێت و دڵنیاییش دەدرێت هیچ زیانێک گەنجینەی بانکەکە نەگەیشتووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی باڵای بانکی ناوەندیی سووریا بڵاویکردووەتەوە؛ بڕیار وایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، بانکی ناوەندیی وڵاتەکە ڕادەستی نوێنەرانی ئیدارەی نوێی سووریا بکرێت.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز؛ هیچ زیانێک بە گەنجینەی بانکی ناوەندیی سووریا نەگەیشتووە و ئەوەی کە تاڵان کراوە بەشێک پارەی کەم بووە کە لە باڵەخانەی بانکەکەدا بووە، نەک پارەی ناو گەنجینەی سەرەکیی بانکەکە.
سەرچاوەیەکی باڵای چەکدارانی تەحریر شام بە مێدیاکانی ڕاگەیاندووە؛ دڵنیاییمان وەرگرتووە کە هیچ دەستکارییەکی ئەو بڕە پارەیە نەکراوە کە لە بانکی ناوەندیی بووە.
پێش ڕووداوەکانی 2011 حکوومەتی سووریا 18 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری وەکو یەدەگی دراو لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دانابوو، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 26 تۆن زێڕی هەبوو، بەڵام لەدوای ئەو ڕووداوانەی لە 13 ساڵی ڕابردوودا بەسەر وڵاتەکەدا هاتووە هیچ زانیارییەک لەبارەی یەدەگەکانی سووریا بڵاونەکراوەتەوە.
چاوەروان دەکرێت لەگەڵ ڕادەستکردنی بانکی ناوەندیی سووریا بە ئیدارەی نوێی وڵاتەکە، ئامارەکان لەبارەی یەدەگی دراوی بیانی و قەبارەی پارەی چاپکراو و چەند بابەتێکی دیکە بڵاوبکرێتەوە.