ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ تۆپی پێی سعوودیە

ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکرێت کە میوانداریی مۆندیالی 2030 و 2034 دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکات کە میوانداریی مۆندیالی 2030 و 2034 دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی فیفا بەشێوەیەکی ئۆنڵاین، ناسنامەی وڵاتانی میواندار بۆ  مۆندیالەکانی 2030 و 2034 ئاشکرا بکرێت.
وڵاتانی مەغریب و ئیسپانیا و پۆرتوگال بەیەکەوە میوانداریی مۆندیالی 2030 دەکەن، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جامی جیهانی بە هاوبەشی لە نێوان کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا بەڕێوەدەچێت.

سەرەتا بەریتانیا هەوڵیدا بچێتە پێشەوە و خۆی بۆ میوانداریی ئەم مۆندیالە بەربژێر بکات، دواتر کۆریای باشوور بیرۆکەی ئەوەی هەبوو لەگەڵ چین بە هاوبەشی داواکاریی بۆ میوانداریکردنی ئەم مۆندیالە پێشکەش بکەن، جگە لەوەش چوار وڵاتی ئەمریکای باشوور لە ساڵی 2019ەوە کاریان لەسەر ئەوە دەکرد میوانداریی مۆندیالی 2030 بکەن،  لە کۆتاییدا یوێفا پرۆژەی هەرسێ وڵاتی ئیسپانیا و پۆرتوگال و ئۆکرانیای راگەیاند، بەڵام ساڵی رابردوو ئۆکرانیا بەهۆی شەڕی رووسیا کشایەوە و مەغریب چووە نێو پرۆژەکەوە، هەروەها ئەمریکای باشووریش کەیسەکەی کشاندەوە لەبەرامبەر ئەوەی سێ یاریی یەکەم لە ئۆرۆگوای و پاراگوای و ئارجێنتینا بکرێن، یەکەمین یاریی لە ئۆرۆگوای دەکرێت بەبۆنەی تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی یەکەمین مۆندیال لەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیەوە سعوودیە تاکە بەربژێرە بۆ میواندارییکردنی مۆندیالی 2034 و هیچ رکابەرێکی نییە.
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ سعوودیە و یەکەمجارە لە مێژوودا وڵاتێک لە هەڵسەنگاندن بۆ میواندارییکردنی مۆندیال لەسەر 500 خاڵ بتوانێت 419.8 خاڵ کۆ بکاتەوە.