سعوودیە بەبێ هیچ ڕكابەرێك میوانداریی مۆندیالی یەكلایی كردەوە

بۆ یەكەمجار 6 وڵات میوانداریی مۆندیالی 2030 دەكەن

ئێوارەی ئەمڕۆ ناسنامەی وڵاتانی میواندار بۆ مۆندیالی 2034 ئاشکرا بوو، سعوودیە دەبێتە دووەمین وڵاتی عەرەبی لە دوای قەتەر میوانداریی مۆندیال دەكات، بۆ یەكەمجاریش 6 وڵات میوانداریی مۆندیالی 2030 دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی فیفا بەشێوەیەکی ئۆنلاین، ناسنامەی وڵاتانی میواندار بۆ  مۆندیالەکانی 2030 و 2034 ئاشکرا كران.
وڵاتانی مەغریب، ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئارجێنتینا، پاراگوای و ئۆروگوای بەیەکەوە میوانداریی مۆندیالی 2030 دەکەن، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جامی جیهانی بە هاوبەشی لە نێوان کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا بەڕێوە دەچێت.
سەرەتا بەریتانیا هەوڵی دا بچێتە پێشەوە و خۆی بۆ میوانداریی ئەم مۆندیالە بەربژێر كرد، دواتر کۆریای باشوور بیرۆکەی ئەوەی هەبوو لەگەڵ چین بە هاوبەشی داواکاریی بۆ میوانداریی ئەم مۆندیالە پێشکەش بکەن، جگە لەوەش چوار وڵاتی ئەمریکای باشوور لە ساڵی 2019ـەوە کاریان لەسەر ئەوە دەکرد میوانداریی مۆندیالی 2030 بکەن، لە کۆتاییدا یوێفا پرۆژەی هەر سێ وڵاتی ئیسپانیا و پۆرتوگال و ئۆکرانیای ڕاگەیاند، بەڵام ساڵی رابردوو ئۆکرانیا بەهۆی شەڕی رووسیا کشایەوە و مەغریب چووە نێو پرۆژەکەوە، جگە لەوەش ئۆرۆگوای، پاراگوای و ئارجێنتینا هاتنە نێو میوانداریكردنی مۆندیالی 2030، یەکەمین یارییش لە ئۆرۆگوای دەکرێت بە بۆنەی تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی یەکەمین مۆندیال لەو وڵاتە.
لەلایەن خۆیەوە سعوودیە وەكو تاكە بەربژێر میوانداریی مۆندیالی 2034 بەبێ هیچ ڕكابەرێك یەكلایی كردەوە.
سعوودیە ڕۆژێکی مێژوویی تێپەڕاند، چونكە یەکەمجارە لە مێژوودا وڵاتێک لە هەڵسەنگاندن بۆ میوانداریی مۆندیال، لە کۆی 500 خاڵ، بتوانێت 419.8 خاڵ کۆ بکاتەوە.