ئیلهام شاهین: خەڵکی هەولێر زۆر میوان دۆستە و هیوادارم بیانبینمەوە
ئیلهام شاهین، ئەکتەری بەناوبانگی میسر لەسەر قەڵای هەولێر وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە لەبارەی ئەو هەوادارە زۆرانەی لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، گوتی: کاتێک هاتمە هەرێمی کوردستان، باوەڕم نەدەکرد ئەو هەموو هەوادارەم لە کوردستان هەبێت، دەڵێت: داوام کردووە کارێکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و میسر بکرێت.
چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیلهام شاهین، ئەکتەری بەناوبانگی میسر بە یاوەری ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی قەڵای مێژوویی هەولێری کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: کاتێک هاتمە کوردستان شۆک بووم بەو پێشوازییەی لەمن کرا، چاوەڕوان نەبووم پێشوازییەکە بەو شێوەیە گەرم و گوڕ بێت.
گوتیشی: باوەڕم نەدەکرد ئەو هەموو هەوادارەم لە هەرێمی کوردستان هەبێت، کاتێک وێنەیان لەگەڵ دەگرتم، پێیان دەگوتم لە فڵانە فیلم ڕۆڵت ئاوا بوو، ئاوا بووە، ئەو شتە بەلامەوە زۆر گرنگە، داوام کردووە کارێکی هاوبەش لەنێوان میسر و هەرێمی کوردستان بکرێت.
لەبارەی هەولێر و خەڵکەکەشی، ئیلهام شاهین گوتی: بەڕاستی زۆر دڵخۆشم لەناو هەولێرم، ئەو شارە زۆر میوان دۆستن، لە دڵەوە خەڵکیان خۆش دەوێت، شارێکی مێژوویی و شارستانییە، هیوادارم چەندین جاری دیکە بیانبینمەوە.