سەمیر بابۆ و وەلی كەریم قسەی دڵی خۆیان بۆ كوردستان24 كرد

وەلی كەریم رەخنە لە یاریزانانی یانەی هەولێر دەگرێت

سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر لەگەڵ وەلی كەریم راهێنەری یانەی كارەبا
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر لەگەڵ وەلی كەریم راهێنەری یانەی كارەبا

لە یارییەكی دراماتیكی و پڕگۆڵ، یانەی هەولێر شكستی بە كارەبای بەغدا هێنا و پێنجەمین سەركەوتنی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار كرد، وەلی كەریمی راهێنەری یانەی كارەباش گلەیی لە یاریزانەكانی هەولێر دەكات.
لە گەڕی یازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی كارەبای كرد.
 كاپتنی یانەی هەولێر شێركۆ كەریم لە خولەكی 7 گۆڵی یەكەمی بەرگزەردەكانی قەڵاومنارەی تۆمار كرد، بەڵام محەمەد زامل یاریزانی یانەی كارەبا لە خولەكی 37 لە رێگەی لێدانی پێناڵتی ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، كۆڵن ئەندەرسۆن هێرشبەرە جامایكاییەكەی هەولێر گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 57 سەفین مەنسوڕ گۆڵی سێیەمی بۆ هەولێرییەكان زیاد كرد، پاشان مستەفا قابیل لە خولەكی 64 گۆڵی چوارەمی هەولێری كرد.
یانەی كارەبا بێهیوا نەبوون و لە هەوڵەكانیان بۆ راستكردنەوەی ئەنجامەكە بەردەوام بوون، كارەبا لە خولەكەكانی 71 و 78 دوو گۆڵی لەسەریەكیان لە رێگەی كریستیان پایجاربرا و حۆسێن جاسم تۆمار كرد، بەڵام بەم دوو گۆڵە نەیانتوانی لە شكست رزگاریان بێت و یارییەكەیان (4 ـ 3) دۆڕاند، ئەمەش دووەمین شكستی تیپەكەی وەلی كەریم بوو لەم وەرزە.
هەولێر لە كۆی 11 یاری، 5 بردنەوە، 3 یەكسان و 3 دۆڕانی هەیە و بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی چوارەمی ریزبەندی سەركەوت، لە بەرامبەردا یانەی كارەبا بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ لە خانەی دەیەمی ریزبەندی دەبینرێت، بەڵام یارییەكی كەمتر لە هەولێر كردووە.

 

سەمیر بابۆ چی بە كوردستان24 گوت؟
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند بەڵێنەكەیان گەیاندەسەر، گوتیشی: پێش یارییەكە لەگەڵ یاریزانەكان بەڵێنی سەركەوتنمان دابوو، سوپاس بۆ خوا بەڵێنەكەمان بردەسەر و لە كاتێكی زۆر باش سەركەوتنمان بەدەستهێنا و دەستخۆشییەكی گەورە لە یاریزانەكانم دەكەم.
سەمیر بابۆ گوتیشی: لە دوو یارییەكەی پێشووتر كێشەمان بۆ دروست كرا، بەڵام بۆ ئەم یارییە سووربوون لەسەر سەركەوتن، هەرچەندە نەدەبوو كارەبا بەمشێوەیە گۆڵی دووەم و سێیەم بكات.
بابۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، سوود لە وەستانی خولەكە وەردەگرن و كاتێكی باشیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەخۆیاندا بكەن.

وەلی كەریم قسەی دڵی خۆی بۆ كوردستان24 كرد
وەلی كەریم راهێنەرە كوردەكەی یانەی كارەبا رایگەیاند بەهۆی هەڵسوكەوتی بەشێك لە یاریزانانی یانەی هەولێر هەست بە دڵتەنگی دەكات، گوتیشی: كاتێك یاریزانێكی ئێمە كەوت، دەبوو یاریزانانی هەولێر تۆپەكە فڕێ بدەنە دەرەوە، چونكە خولەكە دوور و درێژە، بەڵام رەوشت بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، ئەم دیمەنە بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو، چونكە شكستەكەی ئێمەش لە دوای گۆڵی دووەمی هەولێر دەستی پێكرد.
وەلی كەریم گوتیشی: لەم یارییە ژمارەیەك یاریزان ئامادە نەبوون، لە هێڵی بەرگری كێشەمان هەبوو.