ڕێباز عەباس: کۆمپیوتەرەکانی بەغدا ئەوەندە کۆن بوون، داتاکانی لیستی مووچەی ئێمەیان نەدەخوێندەوە

ڕاوێژکار و ئەندامی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ بەغدا ڕایگەیاند، کۆمپیوتەرەکانی حکوومەتی عێراق ئەوەندە کۆن بوون، کاتێک ئێمە لیستی مووچەمان ناردووە، کۆمپیوتەرەکان داتاکانی ئێمەی نەخوێندووەتەوە.

ڕێباز عەباس، ڕاوێژکار و ئەندامی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدرالی، سەبارەت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق، ئەوکات ئێمە بڕیارەکەمان جێبەجێ کرد و لیستی مووچەی مووچەخۆرانمان لە کۆتایی مانگی شوبات نارد بۆ حکوومەتی فیدرالی".

ڕێباز عەباس ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو لیستەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوو بۆ عێراق، لیستێکی زۆر گشتیر و جوانتر بوو، لە لیستی مووچەی وەزارەتەکانی دیکەی عێراق"، گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی بە ئەمانەتەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسەدا کردووە".

گوتیشی: "کاتێک ئێمە لیستی مووچەمان ناردووەتە عێراق، دوای پێنج مانگ توانییوانە 'سی دی'کانی ئێمە بخەنە سەر ئەو لاپتۆپانەی کە بۆ سی دیەکانی ئێمەیان کڕیووە، چونکە کۆمپیوتەرەکانی حکوومەتی عێراق ئەوەندە کۆن بوون 'سی دی'ـەکانی ئێمەی نەدەخوێندەوە، لەبەر ئەوە 'سی دی'کان و داتاکانی ئێمە پێشکەوتوو بوون، بۆیە دوای پێنج مانگ ڕەزامەندیان وەرگرتووە بۆ کڕینی سێ لاپتۆپ، پاشان سی دیەکانی خوێندووەتەوە و وردبینیان کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوکاتی ئەوان تێبینیان هەبوو، هاتوون لە تەمویلی مانگی حەوتی ئێمەیان بڕی، ئێمە چەندین جار چووینە بەغدا بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەوبابەتە پێبدەین"، هەروەها ئەوەی ئەوان تێبینییان لەسەر هەبووە، خال بەخاڵ ڕوونکردنەوەمان پێدان، دەرکەوت ئەو لیستەی ئێمە ناردوومانە لیستێکی دروستە، ناحەقیان کردبووە لە ڕاگرتنی تەمویلەکانی ئێمە، بۆیە لە ماوەیەکی کەم بەچەند گوژمەیەک تەمویلەکانیان بۆ گێڕاینەوە". 

دەشڵێت: "لیستی مانگی 12ـی مووچەخۆران ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی فیدرال، کە لیستەکەی ئێمە گەیشتووەتە بەغدا لە کاتێکدابووە لیستی زۆرینەی وەزارەتەکانی خۆیان بۆ مانگی 12 ئامادە نەبووە".