سبەی تەواوی شایستەی دارایی جووتیارانی هەولێر دەگات

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕاگەیاند، بڕیارە سبەینێ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لە بەغداوە بگات و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: چاوەڕوانین و بڕیارە سبەینێ 44 ملیار و 500 ملیۆن دیناری شایستە دارایی جووتیارانی هەولێر بگاتە سایلۆی هەولێر و، لە ڕۆژانی داهاتووشدا دەست بە دابەشکردنی چەکی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران دەکرێت.

هەروەها ئاماژەیدا، ئەو گوژمەیەی کە بڕیارە سبەی بگات، تایبەتە بە پرۆسەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2023، شایستەکەش پارەی کڕینەوەی گەنمی 16 هەزار و 700 جووتیارە.

لە کۆتاییەکانی ئایاری 2023، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرد و بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کرابوو، قەبارەی 375 هەزار تۆن گەنم بۆ سایلۆکان دیاری کرابوو لە جووتیارانی بکڕنەوە کە بۆ هەر تەنێک 850 هەزار دینار دانرابوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی نەناردووە.