هەولێر: پەیمانگەی هونەرەجوانەکان کۆنسێرتی "دوا هەناسەی پایز" ساز دەکات
پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر سبەی یەکشەممە، کۆنسێرتی "دوا هەناسەکانی پایز" ساز دەکات.
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگاکان و مەشق و ڕاهێنانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی شانۆیی "فەرهاد شەریف" لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەشی میوزیک بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و بەرپرسانی حکوومەتی، کۆنسێرتی "دوا هەناسەکانی پایز" بە سەرپەرشتیی گشتیی "زیرەک حەمەدەمین" بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، ساز بکات.
هونەرمەند "زیرەک حەمەدەمین" بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان و ڕێکخەری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆنسێرتەکەمان چەپێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و بەشێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندانی گەنج لەخۆ دەگرێت، کە ماوەیەکە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانین بۆ سازدانی ئەو کۆنسێرتە هونەریی و میوزیکییە، ئاسۆیەکە بۆ پێگەیاندنی دەستەیەک لە بەهرەمەندانی بواری میوزیک و گۆرانی و دەرخستنی توانا شاراوەکانە."