سبەی کۆتا گوژمەپارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان دەگات

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،  سبەی یەکشەممە، حکوومەتی عێراق کۆتا گوژمەپارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، لەگەڵ تەواو بوونی ڕێکارییەکان، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "بڕیارە سبەی یەکشەممە، حکوومەتی عێراق کۆتا بەشی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."

گوتیشی: "گوژمەی ئەو پارەی حکوومەتی عێراق دەینێرێت، 125 ملیار  و 852 ملیۆن و 997 هەزارە."

نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: "بۆ سلێمانی 47 ملیار و 642 ملیۆن و 421 هەزار دینار و بۆ هەولێر، 44 ملیار و 45 ملیۆن و 43 هەزار دینار و بۆ دهۆکیش 34 ملیار و 165 ملیۆن و 543 هەزار دینارە، ئەوەش دوا بڕە پارەیە کە حکوومەت عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت."

بەڕێوەبەری بازرگانی گشتیی ئاماژەی بەوەش دا "لەگەڵ هاتنی پارەی جووتیاران ڕێکارەکان دەست پێ دەکەین و سەرەتای هەفتەی داهاتووش بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەین."

بڕیار بوو ئەمڕۆ پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگات، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی، ناردنی پارەکە دواخرا بۆ سبەی یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024.

وەک قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، چەکێکی 150 ملیار دیناری ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بڕی 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە و بڕی 67 ملیار و 84 میلۆن و 117 هەزار دیناریش پارەی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە لەگەڵ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین.

بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کورستان و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق لە بارەی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم کردبوویان، بۆ ئەم ساڵ حکوومەتی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕیوەتەوە، کە 228 هەزار تۆن لە پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن لە پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش لە پارێزگای دهۆک بوو.