محەمەد سەڵاح دووکەڵی سپی بۆ لیڤەرپوول هەڵکردووە
دەنگۆکانی مانەوە یان رۆیشتنی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری لە یانەی لیڤەرپوول هەموو وەرزێك سەرهەڵدەدات بەڵام ئەم وەرزە جیاوازە و زیاترە.
گرێبەستی محەمەد سەڵاح نزیکە لە تەواوبوون و لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، یاریزانە میسرییەکە دەتوانێت لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بە خۆڕایی بەڵێ بۆ یانەیەکی دیکە بکات و پەیوەندی بە لیڤەرپوول نەمێنێت.
دووشەممەی رابردوو سەڵاح لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی بوتڵێکی بخوڕی بڵاوکردەوە، کە دوکەڵێکی سپی لێ دەردەچێت، ئەمەش لە ئەوروپا نیشانەیەکی ناسراوە کاتێك لایەنە جیاوازەکان دەگەنە رێککەوتن.
میدیاکان ئەو ئاماژەیەی محەمەد سەڵاح بە مانەوەی یاریزانەکە لە لیڤەرپوول دادەنێن و وای دەخوێننەوە وەرزێکی دیکەش لە رێدز بەردەوام دەبێت.
رۆژنامەی میرەری بەریتانی پێشتر بڵاویکردبووەوە، سەڵاح لەگەڵ بەرپرسانی لیڤەرپوول رێککەوتووە بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەوەش دوای چەند مانگێك گفتوگۆی نێوانیانیان دێت.
محەمەد سەڵاحی میسری تەمەنی 32 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی رۆما و چێڵسی کردووە و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 55 ملیۆن یۆرۆیە.