سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان بە ڕووی جیهاندا کراوەیە

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و قەتەر زۆر بەهێزن، هەروەها سیاسەتی هەرێمەکەمان بە ڕووی دنیای دەرەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ وڵاتان کراوەیە."

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر لەنێو کونسوڵخانەی وڵاتەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتیمانیی قەتەردا، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزباییکردنی لە هاووڵاتییان و حکوومەتی قەتەر، ئاماژەی بەوە دا، "قەتەر وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ بەشێکین لەم یادە."

ناوبراو ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سیاسەتەکەی کراوەیە بە ڕووی دنیای دەرەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ وڵاتان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و قەتەر زۆر بەهێزن.

هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا لەگەڵ قەتەردا هەیە، هەرێمەکە لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە دەیانەوێت وەرەبهێنەرانی قەتەریی بهێننە هەرێمی کوردستان و تا کاری وەبەرهێنان بکەن.

هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بەرەوپێش ببات، لە پێشوودا چەندین جار سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی قەتەریان کردووە و، لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە لەبارەی بارودۆخی کوردستان، عێراق و کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.