دوایین زانیارییەكان لەبارەی یەكەمین یاریی هەولێر لە جامی عێراق

یانەی هەولێر بۆ ئەم یارییە دوو یاریزانی لەدەست داوە و پێشبینی دەكرێت سەمیر بابۆ بە پێكهاتەیەكی جیاواز یاریی بكات

بەشێك لە یاریزانەكانی یانەی هەولێر بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق
بەشێك لە یاریزانەكانی یانەی هەولێر بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق

لە یەکەم یاریی جامی عێراق و لە قۆناغی 32، هەولێر سبەی سێشەممە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە، لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری میوانداریی سامەرا دەکات. هەولێر لە دوایین 10 یاری بەرامبەر سامەرا، سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و لە کۆی 20 یاریش بەرامبەر ئەو یانەیە، تەنها دوو یاری دۆڕاوە.
دوای ئەوەی تیروپشکی جامی عێراق راکێشرا، هەولێر یەکەم یاری بەر یانەی سامەڕا کەوت، بەڵام ئەو یانەیە واتە سامەرا، بڕیاریدا پاشەکشێ بکات و دەنگۆیەکیش بڵاوبووەوە کە یانەی سلێخ لە شوێنی سامەرا رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی سزا قورسەکەی کە دیاریکراوە بۆ ئەو یانانەی پاشەکشێ دەکەن، یانەی سامەرا لە بریارەکەی پاشگەز بووەوە.
یانەی هەولێر تاکە یانەی کوردیە لە نێو چوار یانە کوردیەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەشداری قۆناغی 32ـی جامی عێراق دەکات، ئەویش بەهۆی ئەوەی وەرزی رابردوو، نەیتوانی یەکێک لە 10 پلەکانی پێشەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەست بهێنێت.
3 یانەکەی دیکەی کوردستان واتە زاخۆ و نەورۆز و دهۆک، ئەوان بەهۆی ئەوەی وەرزی رابردوو، توانیان لە تۆپ 10ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بن، ئەوان لە قۆناغی داهاتووەوە واتە قۆناغی شازدە بەشداری جامی عێراق دەکەن.
هەردوو یانەی هەولێر و سامەرا مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکتری هەیە، ئەو دوو یانەیە پێشتر بیست جاری دیکە لە خولی نایابی عێراق یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، بەڵام یەکەمجارە لە جامی عێراق رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
لە 20 رووبەڕووبونەوەی پێشوویان، هەولێر لە 16 یاری براوە بووە و تەنها دوو یاری بەرامبەر سامەڕا دۆڕاوە، لە دوایین 10 یاری رابردووی نێوانیان، هەولێر لە هەر 10یارییەکە بردنەوەی بەدەستهێناوە.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی هەولێر، هەر یەکە لە ئوسامە رەشید و ڤیدال بەهۆی پێکان بەشداری یارییەکە ناکەن، لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادە دەبن، هەروەها چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەم یارییە، سەمیر بابۆی راهێنەری هەولێر، چەند گۆرانکاریەک لە پێکهاتەی سەرەکی بکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment