ناوەندەکانی خوێندنی 15 پارێزگای ئێران داخران

تاران
تاران

بەهۆی شەپۆلی سەرما و کەمبوونەوەی سووتەمەنی و کارەبا لە 15 پارێزگای ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن داخران، حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارە بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە دراوە.

دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024،  مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە هاووڵاتییان کرد، گەرمای ناو ماڵەکانیان دوو پلە دابەزێنن، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت بڕێکی زۆری سووتەمەنی پاشەکەوت بکات.

بە بڕیاری حکوومەتی ئێران، سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە 15 پارێزگای ئەو وڵاتە داخران، جیا لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگاکانی تاران و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەردەبێل، هەرسێ پارێزگای خۆراسانی باکوور و ڕەزەوی و باشوور، زەنجان، قەزوێن، سمنان، گوڵستان و مازەندەران، ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرمایەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، قوتابخانەکان داخران.

حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، ئامانجیان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەیە بۆ ئەوەی بتوانن سووتەمەنی و کارەبا بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون دابین بکەن، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، مەسعود پزیشکیان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا تۆمار کراوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات گەرمای ناو ماڵەکانیان دوو پلە دابەزێنن.

جیا لە کەمبوونەوەی سووتەمەنی، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاندووە، پچڕانی کارەبا لە سەرجەم شار و گوندەکانی ئەو وڵاتە بەپێی خشتەی دیاریکراو دەست پێ دەکاتەوە، ئەو وەزارەتە سێ هەفتە لەمەوبەر و پاش نزیکەی مانگێک لە پچڕانی کارەبا ڕایگەیاند: کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا کۆتایی پێ هاتووە و پچڕانی کارەباش لەسەر هاووڵاتییان کۆتایی پێ دێت، بەڵام دۆخی بەردەوامیی کارەبا تەنها سێ هەفتە بەردەوام بوو، بە هاتنی شەپۆلی نوێی سەرما و بەفر بارین، دیسان کورت هێنانی کارەبا و پچڕانی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان دەستی پێ کردەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment