گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە دەستیان پێ کردووەتەوە

شاندێکی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی غەززە لە قەتەرن، سەرنجی سەرەکی گفتوگۆکانیش بۆ چارەکردنی کێشەو بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززەیە کە لەسەر پێشنیازی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکایە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، لە مانگی 11ـی ڕابردووە لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست نزیکن. 

شاندێکی تەکنیکی ئیسرائیل لە قەتەرن و سەبارەت بە چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاگربەستی غەززە لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە گفتوگۆدان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە "لە گفتوگۆکاندا سەرنج لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنەکان و لێکنزیکردنەوەی ئیسرائیل و حەماسە لەسەر ئەو پێشنیازەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە 31ـی ئایاری2024  پێشکەشی کرد." ئیسرائیلیش دەڵێت: "لە مانگی 11ـی ڕابردووەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست نزیکن."

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند "سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکانم ڕاسپاردووە، پرسی بارمتەکان بکەنە کاری لە پێشینەیان، ئەمە ئەو سیاسەتەیە پشتیوانیی دەکەم، ئامانجمە لەم پرۆسەیەدا بەرەوپێشچوون هەبێت، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ گشت ئەوانەی لە پرۆسەکە بەشدارن، هەڵسەنگاندنمان کردووە و دەرفەتێکمان لە پێشدایە، دەبێت حەماس نەرمتر مامەڵە بکات."

دەشڵێت: "پێموایە لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردووەوە لە هەمووکاتێک زیاتر لە ئاگربەست نزیکین و هیوادارم  بەرەوپێشچوونی زیاتر هەبێت و بگەینە ئەنجام."

ئەو پێشنیازەی جۆو بایدن بۆئاگربەستی غەززە کردوویەتی، لە سێ قۆناغ پێک هاتووە؛ لە قۆناغی یەکەم، شەش هەفتە ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی دانیشتووان و خەڵکی مەدەنی تێدایە بکشێتەوە، ژمارەیەک بارمتە ئازاد بکرێن و هاوکاری مرۆیی زیاتریش بگەیەنرێتە غەززە، لە قۆناغی دووەمیشدا، هەموو ئەو بارمتانەی ماون، ئازاد بکرێن، سوپای ئیسرائیل بکشێنەوە و ئاگربەستی هەتا هەتایی ڕاگەیەنرێت. لە قۆناغی سێیەمیش، دەست بە بنیاتنانەوەی غەززە بکرێت.

ئەم بەرەوپێشچوونەش لە کاتێکدایە، حەماس بۆ یەکەمجار بە داواکارییەکی ئیسرائیل ڕازی بووە و سەرەڕای ئاگربەست سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەمێنێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment