بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی 11 خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، بڕی  زیاتر لە 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11 ناردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا 631 ملیار و 335 ملیۆن دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان  خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

دوای چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە مەبەستی چارەکردنی پرسەکانی پەیوەست بە ناردن و دابەشکردنی مووچە، دوێنێ دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتنە هەولێر.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـی، تیمە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق چەند ڕۆژێک دەمێننەوە و ئەرکیان چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە لە بواری بودجە و مووچەدا، بڕیارە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش کۆ ببنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment