کەرتی نەوتی سووریا چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان دەکات

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا، ئەگەری دووبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە وڵاتەی هێناوەتەوە ئارا، چاوەڕوان دەکرێت سووریا نوێ دۆخی تازە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزە برەخسێنێت و ساڵانە لە نێوان 10 بۆ 15 ملیار دۆلار داهات بۆ سووریا دەستەبەر بکات.

کەرتی وزەی سووریا لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2011 دووچاری چەندین ئاڵنگاری جیاواز بووەتەوە، بە تایبەت لە نێو نەمانی ژێرخان و سنوورداری دارایی و سزا نێودەوڵەتییەکاندا، کە بووەنەتە رێگر لەبەردەم چوونی ئامێر و تەکنەلۆجیای نوێ بۆ نۆژەنکردنەوەی کێڵگە زیانپێگەیشتووەکان.

بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی دامەزراوەی بی پی بەریتانی، بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا لە ساڵی 2002 بوو، دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتە 677 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە 12 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2011 سووریا ڕۆژانە 353 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا ساڵی ڕابردوو بۆ 40 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی.

دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت وای کردووە،  دیمەشق بۆ دەستەبەرکردنی 95%ـی پێویستی نەوتی وڵاتەکەی پشت بە هاوردەکردن ببەستێت، بو گوێرەی ئامارەکان سووریا مانگانە نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات، کە بەرانبەرە بە زیاتر لە 160 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، دوای ئەوەی بەر لە ساڵی 2011 وڵاتەکە ڕۆژانە  150 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر سووریا، چاوەڕی دەکرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێش هەڵگیرسانی شەڕ و ئامادەیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا، پشت بە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان ببەستێت.

لە چوارچێوەیەدا، جۆن بێڵ، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای نەوتی گۆڵفساند کە خاوەنداریەتی 50%ـی پشکەکانی بلۆکی 26 لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە بۆ نێوان 400 هەزار بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرز بێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر نرخی نەوت 70 دۆلار بێت، سووریا دەتوانێت ساڵانە 10 بۆ 15 ملیار دۆلار داهاتی نەوت بەدەستبهێنێت.

 
Fly Erbil Advertisment