ئەمشەو ریال مەدرید لەبەردەم مێژووییەكی نوێ دا

ریال مەدرید دوای 100 ناسناو، هەوڵ بۆ بردنەوەی ناسناوێكی دیكە دەدات

ریاڵ مەدرید دوای بەدەستهێنانی 100 ناسناو، ئەمجارەیان هەوڵی بردنەوەی یەکەم ناسناوی جامی کیشوەرەکان دەدات، جامی کیشوەرەکان پاڵەوانێتیەکەی نوێیە و لەلایەن فیفاوە رێکخراوە و ئەو پاڵەوانێتیە بۆ یەکەمجارە دەکرێت، بڕیاریشە ئەمشەو هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید پاڵەوانی ئەوروپا و پاچوکا پاڵەوانی ئەمریکای باکوور، لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی یەکتری ببنەوە.
ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرترین ناسناوی جیاجیا لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، ئەمجارەیان لەم پاڵەوانێتییە نوێیە كە بە ناوی جامی کیشوەرەکانە و لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە، رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی دەبێتەوە.
یانە شاهانەکە خاوەنی 100 ناسناوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەو ناسناوە واتە ناسناوی جامی کیشوەرەکان بەدەست بهێنیت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەم جامە یەکەمجارە لە مێژوودا دەکرێت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی یەکەم ناسناوی پاڵەوانێتیەکە و سەد و یەکەمین ناسناو بەدەست بهێنن.
جامی کیشوەرەکان بە سپۆنسەری فیفا دەکرێت و ئەم پاڵەوانێتیە لە نێوان شەش پاڵەوانی کیشوەرەکانی جیهان دەکرێت، بڕیاریشە ساڵانە ئەم پاڵەوانێتیەکە لە کۆتایی ساڵ بکرێت، یاری کردنەوەی پاڵەوانێتیەکە بە میوانداریی یانەی عەینی ئیماڕاتی پاڵەوانی ئاسیا کرا، دواتر یارییەکانی دیکە لە یاریگای بێ لایەن کران.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید، پێش یارییەکە باسی لە چەند بابەتی پەیوەست بە یارییەكە کرد، لەوانەش بەدەستهێنانی ناسناوەکە و بوون بە یەکەم راهێنەر کە زۆرترین ناسناوی بەدەستهێنابێت و هەروەها ئەو رەخنانەی لە ئاستی یانەکەی دەگیرێت.

لێدوانەكانی ئانچیلۆتی لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو
''ئەم وەرزە رەخنەیەکی زۆر لە ئاست و ئەنجامەکانمان دەگیرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە وەرزی رابردوو ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێنا، هاوینی رابردوو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، پەیوەندی بە یانەکەمانەوە کردووە. هاندەرانەکانمان هەمیشە تینوی بردنەوەن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بەرگەی دۆڕانیش بگرین، ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوەیە ئەم وەرزەش هاوشێوەی وەرزی رابردوو بین. ئێمباپێ یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام ئەو هێشتا نەیتوانیوە ئاستی راستەقینەی پێشکەش بکات، ئەو یاریزانە لە یارییەکانی رابردوو باشتر بوو، بەڵام تاوەکو ئیستا لە ئاستی راستەقینەی خۆی نییە، بەدەستهێنانی ناسناوێکی دیکە ئامانج هەموومانە، بۆ من گرنگ نیە وەکو راهێنەر خاوەنی چەند ناسناوم، گرنگە ئەوەیە بەردەوام بین لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان''.

ئێمباپێ ئامادەیە
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدرید، سەرەڕای ئەوەی پێکانی هەبوو و لە پشوودا بوو، بەڵام بانگهێشتی یارییەکە کراوە و چاوەڕێش دەکرێت، بەشداریی دووەم یاری کۆتایی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید بکات و دووەم ناسناویشی بەدەست بهێنێت.
ریاڵ مەدرید بێ ئەوەی هیچ یارییەک بکات گەیشتە یاری کۆتایی، هەروەها یانەی پاچوکای مەکسیکی، لە قۆناغی پێشکۆتایی، بە بردنەوەی لە ئەهلی میسڕی پاڵەوانی کیشوەری ئەفریقیا خۆی گەیاندە یاری کۆتایی، ئەو یانە مەکسیکەیە لە پێشتریش توانیبوی لە بوتافۆگۆ پاڵەوانی ئەمریکای باشوور بباتەوە.