تیمی "هەژماری من" لەگەڵ سێ بانکی نوێ لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بێنە نێو پرۆژەکە
"بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 گرفتی نەمانی پارە لە نێو ئامێرەکانی ATM و پچڕانی کارەبا نەبووە"

بە گوێرەی پلانی تیمی پرۆژەی 'هەژماری من'، مووچەی مانگی 12ـی سەرجەم مووچەخۆرانی مەدەنی لە پارێزگای هەولێر بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی 'هەژماری من' مووچە وەردەگرن.
چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی 'هەژماری من'، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێستا لەگەڵ سێ بانکی نوێ لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بێنە نێو پرۆژەی هەژماری من و لە ساڵی داهاتووەوە پەیوەندی بە پڕۆژەکەوە دەکەن؛ بەمەش، کۆی بانکە بەشدرابووەکان لە پڕۆژەکەدا، دەبنە 11 بانک و پرۆسەی بە بانکیکردن خێراتر دەبێت."
بە گوێرەی پلانی تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من'، مووچەی مانگی 12ـی کۆی مووچەخۆرانی مەدەنی لە پارێزگای هەولێر کە ژمارەیان 230 هەزار مووچەخۆرە، دەخرێنە سەر هەژماری من و لەو ڕێگەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
لە کاتێکدا زیاتر لە 191 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی 10ـیان لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن، بۆ مووچەی مانگی 11ـش ژمارەکە بۆ زیاتر لە 200 هەزار مووچەخۆر بەرز دەبێتەوە.
تیمی هەژماری من، ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 گرفتی نەمانی پارە لە نێو ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و پچڕانی کارەبا بە هیچ شێوەیەک دروست نەبوو، ئەمڕۆش مووچەی زیاتر لە هەشت هەزار فەرمانبەری خوێندنی باڵا لە ڕێگەی هەژماری من دابەش کرا."