یانەی زاخۆ دەستبەرداری دوو یاریزانی پیشەگەری دەبێت

گفتووگۆیەكانی یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەستێرەیەكی پیشەگەری كورد بەردەوامە

سیپان سدیق یاریزانە بەرگسپییەكەی زاخۆ لەگەڵ گەیلان لوقمان یاریزانی هەولێر. یاریگەی یانەی زاخۆ
سیپان سدیق یاریزانە بەرگسپییەكەی زاخۆ لەگەڵ گەیلان لوقمان یاریزانی هەولێر. یاریگەی یانەی زاخۆ

یانەی زاخۆ بڕیاریداوە لە گواستنەوەی زستانە دەستبەرداری دوو یاریزانی پیشەگەری بێت، لە شوێنی ئەوان دوو یاریزانی دیكەی پیشەگەر بگوازێتەوە، گفتووگۆیەكانیش لەگەڵ ئەحمەد یاسینی یاریزانی پیشەگەری كورد بەردەوامە.
هشیار شەهباز سكرتێری یانەی زاخۆ لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند گرێبەستەكانی هەردوو یاریزانی پیشەگەری یانەكە (ئەیوب نەناح و ئیبراهیم هیسار) هەڵدەوشێننەوە.
ئەیوب نەناح هێرشبەری پیشەگەری مەغریبی تەمەن 31 ساڵ لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوو لە یانەی فەتح رەباتی مەغریبی روویكردە یانەی زاخۆ، لە لایەكی دیكەیشەوە ئیبراهیم هیسار یاریزانی بە ڕەسەن ئارجێنتینای هەڵبژاردەی سووریا لە دەستپێكی ئەم وەرزە لە یانەی فولاد خوزستانی ئێرانییەوە بۆ یانەی زاخۆ گواسترایەوە، بەڵام ئەم دوو یاریزانە نەیانتوانی ببنە جێگەی رەزامەندی ئیدارە و هاندەرانی یانەكە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هشیار شەهباز سكرتێر و ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ لەبارەی گواستنەوەی ئەحمەد یاسینی هێرشبەری كورد رایگەیاند لەگەڵ ئەو یاریزانە لە گفتووگۆدان، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی.
ئەحمەد یاسینی تەمەن 31 ساڵ، بەڕەسەن كوردی خانەقینە، وەرزی رابردوو لە یانەی ئۆرێبرۆی سویدییەوە بۆ یانەی ئەل خولودی سعوودی گواسترایەوە و پاشان گەڕایەوە یانە سوێدییەكەی پێشووی، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی خوری قەتەری و دێنزلیسپۆری توركیایش كردووە.