مانچێستەر سیتی بەهۆی گواردیۆلاوە سکاڵا لەسەر بی بی سی تۆماردەکات

یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بەهۆی رووماڵ نەکردنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی راهێنەری یانەکەی، سکاڵایەکی فەرمی لەسەرتۆڕی بی بی سی بەریتانی تۆمارکرد.
ئەنجامە خراپەکانی مانچێستەر سیتی لە کۆتا یارییەکانی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بووەتە جێ باسی کەناڵە میدیاییەکان و رووپەڕی رۆژنامە جیهانییە وەرزشییەکانی داگیرکردووە.
رادیۆی بی بی سی هەمیشە رووماڵی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی پێش یارییەکانی پرێمەرلیگ دەکات، بەڵام ئەمجارە و بەر لە دێربی مانچێستەر هیچ رۆژنامەنووسێکی رادیۆکە ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پێپ گواردیۆلا نەبوو، بەهۆیەوە یانەکە سکاڵای لەسەر تۆڕە بەریتانییەکە تۆمارکرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میرەری بەریتانی، بەرپرسانی مانچێستەر سیتی سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕیوە لە نەبوونی پەیامنێرێك، کە راسپێردرابوو بۆ رووماڵکردنی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکەیان پێش یاریی دێربی.
رادیۆکە بۆ کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان پەیامنێرێك دابین دەکات، کە بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر هەواڵی یانەیەکی دیاریکراوی پرێمەرلیگە، بەڵام پێش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی راهێنەری مانچێستەر سیتی ئەوە رووی نەدا.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە: کارگێڕی سیتی پێیان وایە ئامادەنەبوونی پەیامنێرێکی رادیۆکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە و رووماڵی میدیاکان بۆ ئەنجامەکانی ئەم دواییەی یانەکە نادادپەروەرانەیە.
بۆ بیرهێنانەوە بی بی سی خاوەنی مافی پەخشکردنی یارییەکانی هەردوو یانەکەی شاری مانچێستەرە.
یانەی مانچێستەر سیتی بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و لە کۆتا 11 یاریی یانەکە تەنیا لە یەك یاریی براوە بووە، ئەمەش خراپترین ئەنجامی یانەکەیە لەو کاتەی پێپ گواردیۆلا بووە بە راهێنەری یانەکە لە ساڵی 2016.