ترەمپ بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت تاکوو ڕێککەوتنی ئیبراهیمی فراوان بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بوو، بۆیە لە ساڵی 2020 دا 'ڕێککەوتنی ئیبراهیمی' لە واشنتن مۆر کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی خۆی بۆ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئاشکرا کرد و دەڵێت: "ئامانجمانە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی فراوانتر بکەن، چونکە وڵاتانی عەرەبی میانڕەو، ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی خۆیان دەبینن."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی خۆی بۆ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئاشکرا کرد، ئەویش فراوانکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیمییە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020 شکستی هێنا، ڕێککەوتنی ئیبراهیمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سست بوو.
بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "وڵاتانی عەرەبی میانڕەو، ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی خۆیان لە ناوچەکەدا دەبینن. بە مەبەستی دڵنیاییدان لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هەموو ناوچەکە، دەمەوێت بە تەواوی سوود لەم دەرفەتە وەرگرم و پێکەوە لەگەڵ هاوڕێ ئەمەریکییەکانمان، پلانم هەیە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی فراوانتر بکەم، بەم جۆرەش بە شێوەیەکی دراماتیکی شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت."
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2020، لە واشنتن، ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەنێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرەین مۆر کرا.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوای سێ مانگ مەغریبیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و لە مانگی کانوونی دووەمی 2021یش سوودان چووە ناو ڕێککەوتنەکە و پەیوەندییەکانی لەگەل ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
ئامانجی ڕێککەوتنەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە.
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو پەیوەندیی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، هەروەها بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەبوو، بەجۆرێک پێش ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەردوو وڵات زۆر نزیکبوون لە ڕێککەوتن، بەڵام هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕیسەکەی لێ کردنەوە بە خوری.
ئێستە شازادەی جێنشینی سعوودییە دەڵێت: "تاوەکو شەڕی غەززە ڕانەگیرێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە"، لەبەر ئەوە ترەمپ بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت.