تورکیا ئامادەیە دراوی نوێ بۆ سووریا چاپ بکات
وەزیری گواستنەوەی تورکیا: چۆن دەبێت ڕووسیا دراوی سووریا چاپ بکات؟

عەبدولقادر ئورالوغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت: چۆن دەبێت لیرەی سووری لەلایەن ڕووسیاوە چاپ بکرێت، لەمەودوا تورکیا دەتوانێت لە چاپکردنی دراوی نوێی سووریا، هاوکاری دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بکات.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا کە تاوەکوو ئێستا ڕووسیا دراوی سووریای چاپکردووە، ئورالوغڵو گوتی: منیش تازە زانیومە، چۆن دەبێت دراوی سووریا لە لایەن وڵاتێکی دیکە چاپ بکرێت، بەڵام ئێستا تورکیا ئامادەی هەموو هاوکارییەکی دەسەڵاتداران و حکوومەتی کاتی سووریایە، دەتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و دەزگای گشتیی هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا دراوێکی نوێ بۆ سووریا چاپ بکرێت.
هەروا بەڵێنیدا کە تورکیا هەنگاوی جددی دەگرێتەبەر و هەوڵ دەدات بەبێ دواکەوتن یارمەتی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بدات.
لە دوای خۆپیشاندان و شۆڕشی سووریا لە 2011ـەوە، دراوی فەرمی سووریا کە لیرەیە لە لایەن ڕووسیاوە چاپ دەکرا و لەسەر پارەی بڕی دوو هەزار لیرەیی، وێنەی بەشار ئەسەدی لەسەرە، بەڵام لە بەشێک لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن و نزیک سنووری تورکیا، لیرەی تورکی بەکاردەهێنرا و تاوەکوو ئێستاش مامەڵە و دەستاودەستکردنی لیرەی تورکی بەردەوامە.