عەلی دایی لەلایەن سەرۆکی ئێرانەوە بەخشرا
دایی دەتوانێت لە ئێران دەست بە چالاکی وەرزشیی بکاتەوە
بەپێی رۆژنامەی "ئیعتیماد" کە رۆژنامەیەکی نزیکە لە نووسینگەی سەرۆکی ئێران، مەسعوود پزشکیان سەرۆکی ئێران رێنمایی ئاراستەی وەزیری وەرزشیی وڵاتەکەی کردووە بە هەڵگرتنی ئەو سزایەی بەسەر عەلی دایی ئەفسانەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان سەپێندراوە.
بەم هەنگاوە عەلی دایی 54 ساڵ دەتوانێت بگەڕێتەوە جیهانی تۆپی پێ، چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت و تەنانەت بەرکەوتنی سیاسی لە وڵاتەکەیان کەم دەکاتەوە.
لە یەکەم هەنگاودا عەلی دایی رەتیکردەوە بگەڕێتەوە و ئاشکرای کرد "گرنگی بەم بابەتە نادات".
عەلی دایی لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە لە ئەنجامدانی چالاکی وەرزشیی بێبەشکرا و بە هەموو شێوەیەک چالاکی وەرزشیی وڵاتەکەی لێ قەدەغە کرا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی کرد لە دژی حکومەت بەهۆی گیانلەدەستدانی (ژینا ئەمینی) خانمە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
دایی بە یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی ئێران دادەنرێت و زۆرترین یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئێران کردووە، هەروەها لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی سێیەم گۆڵکاریی مێژوویی هەڵبژاردەکانە.